Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
مێزی وتووێژ لەچاوەڕوانیی دانوستانكاراندا

فەرید ئەسەسەرد
مێزی وتووێژ لەچاوەڕوانیی دانوستانكاراندا

نوسینی: فەرید ئەسەسەرد

نیاز وایە ئەم هەفتەیە یان هەفتەی پاشتر، شاندی حكومەتی هەرێم بۆ دەستپێكردنی خولێكی تازەی وتووێژ بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان بچێتە بەغدا.
بەر لەوەی ئەم شاندە بچێت بۆ بەغدا، هەولێر دوو پەیامی بۆ بەغدا نارد. یەكێكیان بەیاننامەیەكی فەرمییە تێیدا حكومەت ئامادەیی دەربڕیوە بۆ وتووێژ "لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا" كە ئەمە دەست هەڵگرتنێكی ناڕاستەوخۆیە  لە ئەنجامەكانی ریفراندۆم و دووەمیان وتارەكەی بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمە كە تێیدا رایگەیاندووە ئەگەر بەغدا 17%ی بودجە بۆ هەرێم دابین بكات،  حكومەتەكەی نەوت بە هەموو وردەكارییەكانییەوە رادەستی بەغدا دەكات. ئەم دوو پەیامە روخسارە گشتییەكانی پرۆسەی وتووێژی هەولێر- بەغدا دیاری دەكەن.
وتووێژی ئەمجارە وتووێژێكی درێژخایەن نابێت چونكە حكومەتی هەرێم زۆربەی كارتەكانی پێشووی لە دەست داوە، بۆیە ناتوانێت زۆر پێ‌ دابگرێت، لەكاتێكدا بەغدا هیچ كارتێكی لەدەست نەداوە و هەموو كارتەكانیشی بەهێزن، بۆیە توانای یەكلاكردنەوەی هەیە. ئەو حكومەتەی كە ئەمجارە بەغدا وتووێژی لەگەڵ دەكات، لاوازترین حكومەتی هەرێمە لە ساڵی 2005وە. ئەركی سەرەكیی وتووێژەكە، لە دیاریكردنی چەند میكانیزمێك بۆ جێبەجێكردنی مەرجەكانی بەغدا بەولاوە هیچی تر نابێت.
شاندی هەرێم سێ‌ شكست لەگەڵ خۆی بۆ بەغدا دەبا. شكستی یەكەم ئابوورییە. ئەم شكستە زادەی هەرەسهێنانی سیاسەتی سەربەخۆیی ئابوورییە، كە هەرێمێكی مایەپوچ‌و قەرزاری لێكەوتەوە. شكستی دووەم، شكستێكی سیاسییە كە زادەی ناكامیی ریفراندۆم‌و لەدەستدانی پشتیوانیی كۆمەڵی نێودەوڵەتییە. شكستی سێیەم عەسكەرییە كە دەرهاوێشتەی هەڵسەنگاندنی چەوتی تەرازوی هێزە. مێژووی جەنگەكان پیشانی داوە هەر وڵاتێك كاتێكی خراپ بۆ جەنگ هەڵبژێرێت، تەنگی پێ‌ هەڵدەچنرێ‌‌و دەكەوێتە تەنگانەوە. بەڵام ئەوەی لە هەرێم روویدا پەیوەندیی بە هەڵبژاردنی كاتێكی خراپی شەڕەوە نییە، بەڵكو پەیوەندیی بەوەوە هەیە كە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان لەسەر بەرزترین ئاست، تا یەك رۆژ پێش شەڕەكە، لەو بڕوایەدا بوو كە شەڕ ناقەومێت. كاتێكیش شەڕ ناقەومێت، شكستیش روو نادا. ئەمەش رونتر لە چاوپێكەوتنەكەی بارزانیدا لەگەڵ رادیۆی NPR ی ئەمریكیدا دەردەكەوێ‌ كەتێیدا بەئاشكرا وتویەتی هەرێم پێشبینیی شەڕی نەكردووەو لەو بڕوایەدا بووە كە بەغدا هێز بەكار ناهێنێت. ئەم هەڵسەنگاندنە جگە لەوەی كە چەوت دەرچوو، كوشندەش بوو. هەر سێ‌ سیاسەتە پەیڕەوكراوەكەی هەرێم سەركێشییەكی زۆریان پێوە دیارە. بێگومان سیاسەتی سەركێشی خۆی لە خۆیدا سیاسەتێكی مەترسیدارەو زۆربەی كات بە كارەسات كۆتایی دێت. سیاسەتی سەركێشی لە سەردەمی ناپلیۆنەوە، دوو سەد ساڵ لەمەوبەر، مەترسییەكەی دەركەوتووە. لە هەموو هەلومەرجێكداو بە هەر بیانوویەك بێت، دووبارەكردنەوەی ئەم سیاسەتە، ئاكامی ناچاوەڕوانكراوی لێ دەكەوێتەوە.
لەسایەی ئەو سێ‌ شكستەدا شاندی حكومەتی هەرێم دەچێتە سەر مێزی وتووێژ و بەدڵنیاییەوە نابێت چاوەڕوانی دەستكەوتێكی زۆر بكەین. بانگەشەی پێویستیی بوونی لایەنی سێیەم لەسەر مێزی وتووێژ شتێكی ئەوتۆ لە مەسەلەكە ناگۆڕێت چونكە هەولێر دەزانێت بەغدا چی دەوێت‌و ئامادەیە، وەك بە ئاشكرا رایگەیاندووە، داخوازییەكانی بەغدا جێبەجێ‌ بكات. بەغداش، پشت بەست بە باڵادەستییەكەی، دڵنیایە لەوەی كەداخوازییەكانی یاخود زۆربەی، شیاوی جێبەجێكردنن.
ئەمە بەم واتایە دێت كە وتووێژەكە لە پلەی یەكەمدا لە بەرژەوەندیی بەغدادا دەبێت كە لایەنە بەهێزەكەیەو پاشان لە بەرژەوەندیی هەرێمدا دەبێت. بوونی لایەنی سێیەم لەسەر مێزی وتووێژ تای تەرازوی هەرێم قورستر ناكا و دەستكراوەیی بەغدا كەم ناكاتەوە. بۆیە بوون‌و نەبوونی وەك یەكەو رەنگە خودی بەغدا لاریی لەوەدا نەبێت كە لایەنی سێیەم چاودێریی رێكەوتنێك بكات كە پابەندبونێكی زۆر  لەسەر هەرێم دروست دەكات.
هەرچەند هەرێم لەهەلومەرجێكی خراپدا وتووێژ دەكات، بەڵام سەرەڕای هەموو شتێك چارەسەری ئاشتییانە لەشەڕوشۆڕ چاكترە، بەتایبەتی ئەگەر وتووێژەكە سەركەوتوو بێت لە دەستەبەركردنی قۆناغێكی دوور و درێژی ئاشتی‌و سەقامگیری‌و لێك تێگەیشتن.
Print