Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
سوریاو كورد پاش شەڕی باغوز

فەرید ئەسەسەرد

سوریاو كورد پاش شەڕی باغوز

نوسینی: فەرید ئەسەسەرد

پاش سەركەوتنی كورد لە شەڕی باغوز ‌و گرتنی دوایین بنكەی داعش لە سوریا، داعش بێ‌ زەوی مایەوەو بووە گروپێكی پەراگەندەو پەرت ‌و بڵاوی راونراوی روو لە فەوتان ‌و لەناوچوون. كورد سوریایان گواستەوە بۆ قۆناغی پاش داعش. ئەو ئەركەی كە بۆ ئەسەد ماوەتەوە ئەوەیە كە سوریا بگوازێتەوە بۆ قۆناغی پاش ئیدلب. ئەگەر پاككردنەوەی ئیدلب تەگەرەی نەیەتە پێش، هێزەكانی ئەسەد دەتوانن، بە یارمەتیی روسیا، لە ماوەیەكی پێوانەییدا ئەركەكەی خۆیان جێبەجێ‌ بكەن. ئیتر پاش ئەوە، دەبێ‌ بناغەی سوریایەكی نوێ‌ دابندرێ‌ چونكە سوریای پێش 2011 هەرگیز ناگەڕێتەوەو رەوشەكە پێویستی بەوەیە كە پرۆسەیەكی سیاسی بۆ سەقامگیركردنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی ‌و دیموكراتیزەكردنی وڵات دەست پێ‌ بكا، هەروەك هەڵمەتێكی جیهانی بۆ ئاوەدان كردنەوەی وڵات زۆر پێویستە. ئەزموون دەریخست كە ئاشتی لە ناوچەكەدا لە سوریاوە دەست پێ‌ دەكاو هەر كات سوریا بشێوێ‌، هەموو ناوچەكە لە سۆنگەی هەڵكەوتی جوگرافی ‌و پێگەی جیۆسیاسیی سوریاوە، دەشێوێ‌. بۆیە بەرژەوەندیی ناوچەكەو جیهان لەوەدایە كە دەستەبەری سوریایەكی سەقامگیر بكرێ‌ تاكو بەشدار بێ‌ لە دابین كردنی ئاسایشی ناوچەكە.
شەڕی سوریا لە كۆتایی نزیك بۆتەوەو لە ئێستاوە دەبێ‌ ئامادەكاری بۆ سوریای پاش جەنگ بكرێ‌.
لە ناوخۆی سوریا، داعش بەبێ‌ دلێری ‌و ئازایەتیی سوپای سوریاو كورد، لەناو نەدەچوو. بەڵام لە هەمان كاتدا سوریا بەبێ‌ هاوكاریی دەرەكی نەدەپارێزرا.
دەستێوەردانی هێزەكانی ئێران ‌و حزبوڵڵای لوبنان ‌و هەندێ‌ لە هێزە شیعییەكانی عیراق لە سەرەتای جەنگەكەدا رۆڵێكی گەورەی لە پاراستنی سوریادا هەبوو. هەروەها دەستێوەردانی روسیا لە ساڵی 2015 بەدواوە، رۆڵێكی گەورەی لە هێشتنەوەی رژێم ‌و پاراستنی یەكپارچەیی سوریادا هەبوو. لە ساڵی چوارەمی شەڕ، پێشبینیی مانەوەی رژێمی سوریا نەدەكرا. ئەسەد تەنها 25%ی رووبەری سوریای بەدەستەوە مابوو كە لە دیمەشقەوە بە درێژایی سنووری نێودەوڵەتیی لوبنان دەستی پێ‌ دەكردو تا لازقیە درێژ دەبۆوە. لە ناوچەكانی تردا داعش 40%ی زەویی كۆنترۆڵ كردبوو، كورد 15% ‌و هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن 20%. دواتر وردە وردە تەرازووی هێز گۆڕانی بەسەردا هات ‌و داعش گورزی كاریگەری تێسرەوێنراو هەموو زەویی لێ‌ سەنرایەوە.
سوریای ئایندە پێویستی بە دەستوورێكی تازەیە كە تێیدا دان بە فرەییدا بنرێ‌ ‌و مافەكانی كوردی تێدا بچەسپێنرێ‌. كورد بە درێژایی هەشت ساڵی رابردوو سوریایان پاراست ‌و بەشدارییەكی كارایان لە جەنگی دژی تیرۆردا كرد. لەسەر دەستی ئەوان رەققەی پایتەختی داعش، بە هاوكاریی هێزەكانی ئەمریكا، ئازاد كراو باغوز، بەبێ‌ هاوكاریی هیچ هێزێكی بیانی، لە داعش پاك كرایەوە. كوردی سوریا شایستەی پاداشتن ‌و كاتی ئەوە هاتووە مەسەلەكەیان چارەسەرێكی دیموكراتییانەی بۆ بدۆزرێتەوە.
لە سەرەتای دەستپێكی قەیرانی سوریادا، كورد هاوپەیمانی ناڕاگەیەندراوی رژێمی سوریا بوون ‌و لە زۆر گروپی تر باشتر پەیان بە مەترسیداریی رەوشەكە دەبرد. تەنانەت كاتێك هاوپەیمانییان لەگەڵ ئەمریكا دروست كرد، هاوپەیمانییەكەیان دژ بە داعش بوو. ئەزموونیش نیشانی داوە كە ئەو هاوپەیمانییە خراپ لەسەر سوریا نەشكاوەتەوەو بۆتە مایەی پاك كردنەوەی قەڵەمڕەوێكی فراوان لە هێزەكانی داعش. ئەو هۆیانەی وایان لە كورد كرد، هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریكا دروست بكا، هەمان ئەو هۆیانەن كە وایان لە ئەسەد كرد هاوپەیمانی لەگەڵ روسیا دروست بكا. بە كردەوە، هەموو لایەنەكان، هەر چەند ناكۆك ‌و ناتەبا بن، بەشدارن لە بەدەستهێنانی سەركەوتن بەسەر داعشدا ‌و ئەو سەركەوتنە موڵكی یەك لایەن نییەو هیچ لایەنێكیش نەیدەتوانی بە تەنها بەدەستی بێنێ‌.
هەر وڵاتێك پاش ئەوەی كە بە ئەزموونی جەنگ ‌و پاشاگەردانیدا تێدەپەڕێ‌، لە وڵاتانی دیكە باشتر لە مانای سەقامگیری تێدەگات. پاش جەنگ، ئەوەی كە سوریا لە هەر شتێكی تر زیاتر پێویستی پێیەتی، سەقامگیرییە. لەسەر بنچینەی ئەو سەقامگیرییەش، پرۆسەی سەختی ئاوەدانكردنەوە دەست پێ‌ دەكا. هەموو ئەوانەی لە تێكشكاندنی تیرۆردا هاوپەیمانی بابەتیی یەكتری بوون، دەتوانن لە قۆناغی ئاوەدانكردنەوەشدا هاوپەیمانی یەكتری بن ‌و پێكەوە ئاسوودەیی بۆ وڵات بگێڕنەوەو ئاوەدانی بكەنەوەو پێكەوە رووبەڕووی ئاڵنگارەكانی قۆناغی پاش بڕانەوەی جەنگ ببنەوە.

Print