Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
عیراقی داهاتوو لە نێوان مالیكی و عەبادیدا

فەرید ئەسەسەرد
عیراقی داهاتوو لە نێوان مالیكی و عەبادیدا

نوسینی: فەرید ئەسەسەرد

پاش بگرەو بەردەیەكی زۆر، جەمسەرەكانی حزبی دەعوە لەسەر ئەوە رێك كەوتن كە حزب لە هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە دوو لیست دابەزێ‌، یەكێكیان بە سەرۆكایەتیی نوری مالیكی و ئەوی تر بە سەرۆكایەتیی حەیدەر عەبادی. ئەم رێككەوتنە چارەسەرێكی نمونەیی نییە، بەڵام لەناو بژاردە تاوتوێكراوەكاندا، بۆ حزبی دەعوە بژاردە باشەكەیەو دەرفەتێكیشە بۆ هێشتنەوەی پۆستی سەرۆكی حكومەت بۆ ئەندامێكی حزبی دەعوە. پێشتر بیر لەوە كرابۆوە كە هەردوولا بەیەك لیست دابەزن، بەڵام رێك نەكەوتنی مالیكی و عەبادی لەسەر ئەوەی كە ناوی كامیان لە لیستەكەدا یەكەم ناو بێ‌، وای كرد بیر لە تاوتوێ‌ كردنی بژاردەی تر بكەنەوە، لەوانە بژاردەی دابەزین بە دوو لیست.
بەدڵنیاییەوە هیچ كام لە مالیكی‌و عەبادی بە بژاردەی دوو لیستی، ئاسودە نین. بەڵام ئەگەر ئەم بژاردەیە پەسند نەكرایە، ناكۆكییەكی سەخت دەكەوتە نێوانیانەوەو یەكپارچەیی حزبی دەعوە دەكەوتە ژێر هەڕەشەوە. هەرچەند بەدوو لیست دادەبەزن، بەڵام لانی كەم لە بانگەشەی هەڵبژاردن یەكتر ناشكێنن و یەكتر تۆمەتبار ناكەن، هەردووكیشیان بۆ سەروەریی حزبی دەعوە هەوڵ دەدەن و ئامانجی هەردووكیشیان ئەوەیە پۆستە سەرەكییەكە لە كۆتاییدا هەر بۆ حزبی دەعوە بێت، چ پۆستەكە لە بەرەنجامی كۆتاییدا بۆ مالیكی بێ‌ یان بۆ عەبادی یان بۆ ئەندامێكی دیكەی حزبی دەعوە.
ئەوەی  كە تا ئەندازەیەكی زۆر یەكلا بۆتەوە، ئەوەیە كە دەنگەكانی بەغدا هەر بۆ حزبی دەعوە دەچن. بەغداش لە نەخشەی هەڵبژاردنی عیراقدا، وەك بازنەیەكی سەرەكی، بایەخی خۆی هەیە. ئەمە لەلایەك. لەلایەكی ترەوە، هەر یەك لە لیستەكەی مالیكی ‌و لیستەكەی عەبادی، هاوپەیمانی سوننە مەزهەبیان هەیە. ئەمەش وا دەكا چانسی هەردووكیان لە ناوچە سوننە نشینەكاندا چانسێكی بەهێز بێ‌. رەنگە گەورەترین دۆڕاو لەم هەڵبژاردنە، سوننەكان بن كە زۆرینەی سەركردە دیارەكانیان متمانەی شەقامی سوننەیان لەدەستداوەو ناوچەكانیان خاپور و وێرانن. كوردیش لە ناوچە جێناكۆكەكاندا هێزی پێشووی نابێ‌ ‌و دەنگێكی زۆری شەبەك ‌و مەسیحییەكان ‌و ئێزدییەكان بۆ لیستەكانی تر دەچێ‌.
كەس بەقەد عەبادی بەپەرۆش نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا. عەبادی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا زۆرتر پشت بە دوو دەستكەوتی گەورە دەبەستێ‌. یەكێكیان، بەدەست هێنانی سەركەوتنە بەسەر داعشدا كە ناوێكی درەوشاوەی بۆ دروست كردووەو ئەوی تر، هەنگاوە گرنگەكانێتی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی. چەند هەڵبژاردن دوا بكەوێ‌، ئەوەندەش ئەگەری كزبوونی درەوشانەوەی سەركەوتنەكەی بەسەر داعشدا زیاد دەبێ‌ ‌و ئەوەندەش كاریگەریی چاكسازییەكانی هێورتر دەبێتەوە. ناوی لیستەكەی عەبادی كە بە لیستی "سەركەوتن و چاكسازی" خۆی ناساندووە، گوزارشت لەو دەستكەوتە دەكات كە عەبادی بەدەستی هێناون.
لەم نێوانەدا هادی عامری، سەركردەی رێكخراوی بەدر و یەكێ‌ لە دیارترین سەركردەكانی حەشدی شەعبی، هەوڵی ركابەری كردنی مالیكی ‌و عەبادی دەداو بەقۆستنەوەی سەركەوتنەكانی حەشد لە شەڕی دژی داعشدا ئومێد لەسەر چنینەوەی زۆرترین دەنگ هەڵدەچنێ‌. بەڵام عامری بە ئەستەم دەتوانێ‌ دەنگێكی زۆرتر لە دەنگەكانی مالیكی ‌و عەبادی بێنێ‌، بۆیە رۆڵی لە رۆڵی یەدەك بەولاوە زیاتر نابێ‌ ‌و لێی رادەبینرێ‌ دەنگێكی باش بۆ قورسكردنی تای تەرازوی دەنگە بەدەستهێنراوەكانی حزبی دەعوە بەدەست بێنێ‌، هەروەك دەشتوانێ‌، پاش راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، هاوپەیمانی لەگەڵ مالیكی یان لەگەڵ عەبادی دروست بكا. پشتیوانیی عامری بۆ هەر كام لە مالیكی ‌و عەبادی، مایەی دەستەبەركردنی پۆستی سەرەك وەزیرانە بۆ یەكێكیان.
لە بەرەنجامی كۆتاییدا مالیكی ‌و عامری، بە بەراورد لەگەڵ عەبادی، لە سیاسەتەكانی ئێرانەوە نزیكترن ‌و لەسەر زۆر مەسەلە هاودیدو هاوڕان. رەنگە مەرجی عامری لەهەر هاوپەیمانییەكیدا، بەدەست هێنانی وەزارەتە ئەمنییەكان بێ‌. بەدی هێنانی ئەم ئامانجەش پێناچێ‌ كارێكی قورس بێ‌.
چاوەڕوان دەكرێ‌ هەڵبژاردنی ئەمجارە نەخشەیەكی سیاسیی تازە لە عیراق بێنێتە دی كە ئاسەوارێكی زۆری هەم لەسەر ناوخۆی عیراق دەبێ‌ هەم لەسەر ناوچەكە بەگشتی.
Print