Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
عەفرین و ململانێی دژەكان

فەرید ئەسەسەرد

عەفرین و ململانێی دژەكان

نوسینی: فەرید ئەسەسەرد

هیچ كات پەیوەندیی نێوان دوو ئەندامی پەیمانی ناتۆ، بەقەد پەیوەندیی ئێستای نێوان توركیا و ئەمریكا خراپ نەبوە. ئەمەش زۆرتر لە میدیاكانی توركیادا دەردەكەوێ‌. وتارێكی ئەم دواییەی برایم قەرەگول لە رۆژنامەی "یەنی شەفەك" كە زۆر لە ئەردۆغانەوە نزیكە، هێرشی توندی كردۆتە سەر ئەمریكا و بە "دەوڵەتێكی دوژمن" ناوی بردووە كە گوایە "پلانی بۆ وێران كردنی توركیا" هەیە. هەر لەم وتارەدا داوا كراوە حكومەت بنكەی ئینچەرلیك دابخات.
لەوەتەی توركیا ئۆپەراسیۆنی عەفرینی دەست پێ‌ كردووە، میدیاكانی توركیا بە بەردەوامی هێرش دەكەنە سەر ئەمریكا. وردتر، لەوەتەی توركیا هەستی كردووە عەفرین بە ئاسانی ناگیرێ‌ و رەنگە ئۆپەراسیۆنەكە درێژە بكێشێ‌، تەنگەتاو بووە و ترسی سوپرایزی پێشبینی نەكراوی لێ‌ نیشتووە. رۆژنامەی "میللیەت" لە وتارێكدا كە خاتوو سەرپل چوویكجان نوسیویەتی، گوزارشتی لەو نیگەرانییە كردووە و دانی بەوەدا ناوە كە ئۆپەراسیۆنی عەفرین "پشوو درێژیی دەوێ‌" و لەوانەیە شەڕەكە چەند مانگێك بخایەنێ‌.
لە ڕاستیدا عەفرین كێشەیەكی گەورەی لەنێوان توركیا و ئەمریكا دا دروست كردووە چونكە بەرژەوەندیی هەردوولا پێچەوانەی بەرژەوەندیی لاكەی ترە. لەكاتێكدا كە بەرژەوەندیی توركیا لەوە دایە عەفرین بگرێ‌ و لە ماوەیەكی كورتدا چارەنوسی ئۆپەراسیۆنەكە بە قازانجی خۆی یەكلا بكاتەوە، بەرژەوەندیی ئەمریكا لەوە دایە كە عەفرین نەگیرێ‌ و شەڕەكەش درێژە بكێشێ‌. بۆ هەردووكیان مەسەلەكە مەسەلەی پرنسیپە. لە توركیا ئەردۆغان خوازیارە شەرعیەتێكی تر لەرێی گرتنی عەفرینەوە بۆ خۆی بەدەست بێنێ‌ ‌و هەروەها دەشیەوێ‌" سەركەوتنە خوازراوەكەی" لە عەفرین بكاتە رێخۆشكەر بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ساڵی داهاتوو.
لەم سۆنگەیەوە، زۆر ئەستەمە ئەردۆغان بە كەمتر لە سەركەوتنی تەواو رازی بێ‌ ‌و دەشزانێ‌ شكستی لە عەفرین سەرەتای شكستێتی لەئەنكەرە. بەهەمان پێودانگ، سەركەوتنی توركیا لە عەفرین گەورەترین سووكایەتییە بۆ ئەمریكا كە ستراتیجی تازەی بۆ پەرەپێدانی رۆڵی خۆی لە ناوچەكەدا داناوە. بۆیە، سەركەوتنی توركیا لە عەفرین زیانێكی گەورە لە ناوبانگی ئەمریكا و خودی ترەمپ دەداو وەك هێزێكی دەستەوسان و سەرلێشێواو نیشانی دەدا. لەناوخۆی ئەمریكادا، لەدەستدانی عەفرین بە سەركەوتن بۆ هەموو نەیارانی ئەمریكا دادەندرێ‌، لە پێش هەموویانەوە توركیا و ئێران و روسیا. جگە لەوە، لە دەستدانی عەفرین رەنگە توركیا هاندا سنوری ئۆپەراسیۆنەكە فراوان بكا بە جۆرێك كە رۆژهەڵاتی فورات و رەققەش بگرێتەوە.
تەنگاویی ئەردۆغان وای لێ‌ كردووە لە لێدوانەكانیدا بالانس لەدەست بدا و باسی ئەگەری هێرش كردنە سەر منبج بكات. بۆ ئەمریكا، منبج هەلومەرجێكی تایبەتی هەیە چونكە هێزی ئەمریكیی لێیە. كشانەوەی هێزی ئەمریكا لە منبج، ئەمریكا وەك هێزێكی ترسنۆك نیشان دەدا. هێشتنەوەی هێزەكەش رەنگە شەڕی راستەوخۆی لە نێوان دوو ئەندامەكەی ناتۆی لێ‌ بكەوێتەوە، كە ئەمەش ئەوەندەی زیانی بۆ توركیا هەیە، ئەوەندە زیانی بۆ ئەمریكا نیە. بۆیە لێرە بەروونی دەردەكەوێ‌ كە ئەردۆغان لە لێدوانەكەیدا سەبارەت بە منبج سەركەوتوو نەبوەو پەلەی كردووە.
خاڵی جێی تێڕامان لە ئۆپەراسیۆنی عەفرین ئەوەیە كە توركیا لەكاتێكدا هەموو هەوڵەكانی بۆ گرتنی عەفرین خستۆتە گەڕ، هیچ بەرنامەیەكی بۆ قۆناغی پاش گرتنی عەفرین نیە. ئەگەر توركیا عەفرین رادەستی سوپای ئازادی سوریا و بەرەی نوسرە بكا، هێزەكانی حكومەتی سوریا پاش ئەوەی كە دەست بەسەر شاری ئیدلیب دا دەگرن، دەتوانن زۆر بەئاسانی بیگرنەوە. ئەگەر بڕیاریش درا هێزی توركیای تێدا جێگیر بكرێ‌، دیمەشق لە ئێستاوە هێزەكانی توركیای بە داگیركەر ناو بردووەو رەنگە هێز بۆ گرتنی شارەكە بنێرێ‌. دیوەكەی تری مەسەلەكە ئەوەیە كە ئەگەر توركیا خۆی عەفرینی رادەستی هێزەكانی حكومەتی سوریا كرد، هیچ متمانەیەكی لەلای ئۆپۆزیسیۆنی سوریاو هێزە چەكدارەكانی دژ بە حكومەتی سوریا نامێنێ‌ ‌و هیچ قورساییەكیشی لە دانیشتنەكانی سۆچی نابێ‌.
شەڕی عەفرین كە وەك رەنگدانەوەی ململانێی توركیا- ئەمریكا دەردەكەوێ‌، تێكەڵ بە سازانی توركیا- روسیاش بووە. شەڕەكە لە بنەڕەتدا زادەی پلانی "ئیدلیب بەرامبەر بە عەفرینە" و هەردوولا، ئەنكەرە و دیمەشق، پەلەیانە پێش لاكەی تر سەركەوتن بەدەست بێنن چونكە سەركەوتنی هەر لایەكیان پێش ئەویتر، توركیا لە عەفرین و سوریا لە ئیدلیب، زۆر لە رەوشەكە دەگۆڕێ‌.

Print