Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
عەفرین لە جەنجاڵی هەڵوێستە دژەكاندا

فەرید ئەسەسەرد

عەفرین لە جەنجاڵی هەڵوێستە دژەكاندا

فەرید ئەسەسەرد

چەند رۆژێك لەمەوبەر، لەسەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ توركیا، هەردولا لە وتووێژەكانیاندا لەسەر ئەوە رێك كەوتن كە پەیوەندییەكانیان بەپێی "میكانیزمێكی دووقۆڵی" دەربارەی سوریا رێك بخەنەوە. هەرچەند هیچ رونكردنەوەیەك دەربارەی ئەو میكانیزمە دوقۆڵییە نیە، بەڵام پێدەچێ‌ هەردولا هەوڵێكی لێبڕاوانەیان بۆ فریاكەوتنی پەیوەندییەكانیان داوەو بە هەندێ‌ پرنسیپی گشتی گەیشتون كە وردەكارییەكانی بە قەد ئەوەی كە پێویستە هێشتا رون نین.
لەگەڵ بڵاوكردنەوەی ئەوەی كە ئەمریكییەكان و توركەكان گەیشتون بە "میكانیزمی دوقۆڵی" ، كوردە سورییەكان ‌و حكومەتی سوریاش كەوتنە گەڕ بۆ گەیشتن بە "میكانیزمی دوقۆڵی" ‌و زۆری نەخایاند هەواڵی رێككەوتن لەسەر رازیبونی هێزەكانی یەپەگە بەكردنەوەی دەرگاكانی عەفرین بۆ چەكدارە خۆبەخشەكانی سەر بە حكومەتی سوریا بڵاو بۆوە.
ئەگەر توركیا رێوبانەكانی كە بەرەو عەفرین دەچن، تۆپباران نەكردایە، ئێستا ژمارەیەكی زۆرتری هێزەكانی سەر بە حكومەتی سوریا لە ناو عەفرین دا دەبون. هەواڵیش هەیە كە هەندێ‌ لەو هێزانە، گەیشتونەتە عەفرین. دیمەشق بەبێ‌ رەزامەندیی مۆسكۆ ناتوانێ‌ هەنگاو بۆ ناردنی هێز بۆ عەفرین بنێ‌. بۆیە دیارە دیمەشق ‌و مۆسكۆ هەر لەسەرەتاوە لەسەر ئەم مەسەلەیە رێككەوتبون. بەڵام هەر مۆسكۆش بوو كە تەگەرەی خستە بەردەم پڕۆژەكە، رێی نەدا سوپای حكومەتی سوریا بچێتە ناو عەفرین ‌و چانسێكی دیكەی بە توركیا دا. بەڵام هەڵوێستی مۆسكۆ بەردەوام لە گۆڕان دایە.
لە ڕاستیدا ئەگەر رێككەوتنی یەپەگەو حكومەتی سوریا سەر بگرێ‌، بە دڵنیاییەوە ئەمە دەبێتە مایەی رێخۆشكردن بۆ سێ‌ روداوی گرنگ. یەكەم، ئەم رێككەوتنە سەرەتای شكست هێنانی پڕۆژەكەی توركیا دەبێ‌ كە لە هەوڵی ئەوە دایە قەڵەمڕەوێكی ئارام بە پانتایی 30 كیلۆمەتری دوجا بۆ نیشتەجێ‌ كردنی نزیكەی سێ‌ ملیۆن ئاوارەی سوری دابمەزرێنێ‌. ئەگەر سوپای حكومەتی سوریا بگاتە عەفرین، بەتایبەتی پاش گرتنی ئیدلب، توركیا دەرفەتی دامەزراندنی ناوچە ئارامەكە لە دەست دەداو رەنگە لەم نێوەندەدا هێزەكانی سوریاو هێزەكانی توركیا توشی پێكدادان بن.
دووەم، ئەم رێككەوتنە سەرەتای هەرەس هێنانی نەخشە ناڕۆشنەكەی ئەمریكا دەبێ‌ كە لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای هاوپەیمانی لەگەڵ كوردی سوریا دامەزراوە. كورد تاكە هاوپەیمانی ئەمریكایە لە سوریاو ئەگەر كورد بە هاوپەیمانییەكەیدا بچێتەوە، ئەمریكا لەسەر زەوی هیچی بەدەستەوە نامێنێ‌. چوونی هێزە خۆبەخشەكانی سەر بە حكومەتی سوریا بۆ عەفرین گەورەترین سوكایەتییە بە ئەمریكاو ئاماژەیەكیشە بۆ سەرلێشێواویی سیاسەتی واشنتن كە ناتوانێ‌ عەفرین نە لە پێشڕەویی هێزەكانی توركیا بپارێزێ‌ نە لە پێشڕەویی هێزەكانی حكومەتی سوریا.
سێیەم، دەشێ‌ ئەم رێككەوتنە سەرەتای هاوپەیمانیی نێوان كوردی سوریاو حكومەتی سوریا بێ‌، بەتایبەتی كە هەردوكیان دوژمنێكی هاوبەشیان هەیە كە توركیایە. ئەم هاوپەیمانییە، بەتایبەتی لەم قۆناغەدا ‌و هەروەها لە كۆتا قۆناغەكانی قەیرانی سوریا، بایەخێكی زۆری بۆ هەردولا هەیە. لەم بابەتەدا ئێرانییەكان زۆر بە پەرۆشن بۆ رێككەوتنی كوردو دیمەشق ‌و پێیان وایە هەلومەرجەكە پێویست بەوە دەكات كە ئەم دوو لایەنە دەست بخەنە ناو دەستی یەكتری ‌و یارمەتیی یەكتری بدەن بۆ پاككردنەوەی ئەوەی كە لە خاكی سوریا ماوە. روسەكانیش سەندنەوەی كورد لە ئەمریكا بە باش دەزانن بەڵام ناشیانەوێ‌ توركیا بەرەو ئەمریكا پاڵ پێوە بنێن.
هەوڵی ئەمریكا بۆ رازیكردنی توركیاو گەیشتنی بە "میكانیزمی دووقۆڵی" لەگەڵ ئەنكەرە، كوردی سوریای لە ئایندەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمریكا بەدگومان كردووە. هەرچەند لەسەرەتای بڵاوبونەوەی هەواڵی گفتوگۆی نهێنییان لەگەڵ دیمەشق بۆ ناردنی هێز بۆ عەفرین، كوردەكانی سوریا ویستیان ئەگەری رێككەوتن لەگەڵ دیمەشق وەك كارتی گوشار لەسەر ئەمریكا بەكار بێنن، بەڵام مەسەلەكە هەر لەسەرەتاوە لەوە تێپەڕی بوو كە تەنها كارتی گوشار بێ‌ چونكە عەفرین، بەكردەوەو بەڕاستی، پێویستی بە بانگهێشت كردنی هێزەكانی حكومەتی سوریایە.
واشنتن گەیشتنی هێزەكانی سەر بە حكومەتی سوریا بۆ ناو عەفرین بە مەترسیدارتر لە گەیشتنی هێزەكانی توركیا بۆ ناو عەفرین دەزانێ‌ ‌و چاك پەی بەوە دەبا كە هاوپەیمانیی یەپەگەو حكومەتی سوریا دەتوانێ‌ هەموو هاوكێشە سیاسییەكان بگۆڕێ‌.
دیمەشقیش دەزانێ‌ ئەمریكییەكان ‌و توركەكان هەردوكیان دژی ئەوەن هێزەكانی حكومەتی سوریا بگەنە عەفرین. هەواڵیشی پێ‌ گەیشتووە كە ئەمریكییەكان بژاردەی ناردنی هێز بۆ عەفرین تاوتوێ‌ دەكەن. هەر ئەمەشە هۆی لێدوانەكەی ئەم دواییەی بەرپرسی بەشی پەیوەندییەكانی دەرەوەی وەزارەتی دەرەوەی سوریا كە ناردنی هێزی ئەمریكای بۆ عەفرین بە "هەوڵێكی دوژمنكارانە" ناو بردووە.
هێشتا نەزانراوە ئەمریكا لە قەیرانی عەفریندا چ هەڵوێستێكی دەبێ‌. ئەوەی كە زانراوە ئەوەیە كە ئەمریكا لە نێوان دروست كردنی بەربەست لەبەردەم پێشڕەویی هێزەكانی توركیا بەرەو عەفرین ‌و لەنێوان رێ‌ نەدان بە چوونی هێزەكانی سوریا بۆ ناو عەفرین ‌و لەنێوان جێگیركردنی هێزی ئەمریكی لە عەفرین سەری لێ‌ تێكچووەو نازانێ‌ چ بژاردەیەك هەڵبژێرێ‌.
بەڵام دوو روداوی كۆتایی هەفتەی رابردوو دەتوانن تیشك بخەنە سەر هەندێ‌ پێشهاتی تازەی پشت پەردە. یەكەمیان، رادەست كردنی شارۆچكەی تەل رەفعەتە بە سوپای حكومەتی سوریا لەلایەن یەپەگەوە. ئەوی تر، گواستنەوەی بەشێكی هێزەكانی سوریای دیموكراتە لە رەققەوە بۆ عەفرین. بایەخی ئەم دوو پێشهاتە تازەیە لەوە دایە كە دیمەشق بەبێ‌ هەماهەنگی لەگەڵ مۆسكۆ، هێز نانێرێ‌ بۆ هیچ شوێنێك. بۆیە، چوونی سوپای سوریا بۆ ناو شارۆچكەی تەل رەفعەت، بەدڵنیاییەوە بەبێ‌ گڵۆپی سەوزی مۆسكۆ نیە. هەروەها گواستنەوەی بەشێكی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە شاری رەققەوە بۆ عەفرین، بەبێ‌ گڵۆپی سەوزی واشنتن نیە. ئەم نەخشەیە رەنگدانەوەی بارودۆخی ئاڵۆزی سوریایە كە هیچ لایەك تێیدا كارتی یەكلاكەرەوەی بە دەستەوە نیە
Print