Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
قەیرانی سوریا لە وەرچەرخانێكی مەترسیداردا

فەرید ئەسەسەرد
قەیرانی سوریا لە وەرچەرخانێكی مەترسیداردا

 نوسینی: فەرید ئەسەسەرد

بڕیاری ترەمپ سەبارەت بە كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا، زۆر كاردانەوەی لێ‌ كەوتەوە، گرنگترینیان دوو كاردانەوە بوو، یەكێكیان سعودیە گوزارشتی لێ‌ كردووە و ئەوی دیكەیان فەرەنسا. سعودیە بڕیاریدا خەرجیی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا بگرێتە ئەستۆ، ئەمەش چانسێكی دیكەی بە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دا لە سوریا، بەڵام كەس نازانێ‌ هەتا كەی. فەرەنساش هەر دوا بەدوای بڕیارەكە، لەسەر زاری سەرۆك ماكرۆن رایگەیاند كە ئەگەر هێزەكانی ئەمریكا سوریا بەجێ‌ بێڵن، هێز بۆ سوریا دەنێرێ‌. شەقام و میدیای ئەمریكی پشتیوانی لەكشانەوەكە ناكەن. مارك تیسین لە رۆژنامەی "واشنتن پۆست" لەوتارێكدا دژی "دووبارەكردنەوەی هەڵەی كشانەوە لە عیراق" وەستاوە، بەڵام بەقەد ئەوەی كە ئەمریكا تێڕوانینێكی روونی بۆ مانەوە لە سوریا نییە، فەرەنساش بەرچاو روون نییە. هەموو ئەو هێزەی كە فەرەنسا ناردویەتی بۆ منبج سەد سەربازە كە ئەمەش لەڕوی سەربازییەوە هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێ‌.
ئەگەر ئەمریكا لەسەرەتاوە بەرگریی لە عەفرین بكردایەو نەیهێشتایە توركیا سەركەوتنی تێدا بە دەست بێنێ‌، توشی ئەم تەنگژەیەی ئێستا نەدەبوو. ئەمریكا و یەكێتیی ئەوروپا پەی بەوە دەبەن كە هاوپەیمانییە سێقۆڵییەكەی روسیا و ئێران و توركیا زۆر لە بەدەست هێنانی سەركەوتنەوە نزیكە. دەشزانن سەركەوتنی ئەم هاوپەیمانییە سەرەتای فراوانبوونی هاوپەیمانییەكە و پەیدابونی جەمسەرێكی نێودەوڵەتیی بەهێزە لە ناوچەكەدا بە رابەرایەتیی  روسیا.
بۆیە هێشتنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا و هاتنی فەرەنسا بۆ ناو هاوكێشەكە دوایین هەوڵی رۆژئاوایە بۆ رێگرتن لە زیادبونی هەژمونی روسیا لەناوچەكە. ماكرۆن بە ڕاشكاوی رایگەیاندووە كە فەرەنسا پشتیوانی لە هێزەكانی سوریای دیموكرات دەكات. لەم هەلومەرجەی ئێستادا جگە لە كارتی كورد، ئەمریكا و فەرەنسا هیچ كارتێكی تریان نییە. بەڵام ناوچە كوردنشینەكانی سوریا لە ژێر هەڕەشەی توركیا دان. خۆ ساغ كردنەوەی كورد لەسەر بەرەی ئەمریكا، لەلایەك هێزیان پێ‌ دەبەخشێ‌ ‌و لەلایەكی ترەوە هەڕەشەكانی توركیایان زۆر لەسەر زیاد دەكات، بەتایبەتی ئەگەر روسەكان گڵۆپی سەوز بۆ تورك بۆ پەل هاوێشتن بۆ ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فورات هەڵكەن. ئەگەر ئەمجارە ئەمریكا و فەرەنسا ناوچە كوردنشینەكان لە هێرشی توركیا نەپارێزن، هەر
ئەوەیان بۆ دەمێنێتەوە كە سوریا بەجێ‌ بێڵن. لەو دۆخەدا، منبج یەكلاكەرەوە دەبێ‌. ئەگەر توركەكان سور بن لەسەر چوونە ناو منبج، ئەمریكا و فەرەنسا دەبێ‌ یەكێك لەم دوو هەڵوێستە بنوێنن: یان نواندنی"نەرمی" و رێدان بە پێشڕەویی هێزەكانی تورك كە ئەمە دووبارەكردنەوەی سیناریۆی عەفرینە و بە شكستێكی گەورەش بۆ رۆژئاوا دادەنرێ‌، یان دەبێ‌ هێزی ئاسمانی بۆ لێدانی هێزەكانی تورك بەكار بهێنن كە ئەمەش شەرێكی گەورەی لێ‌ دەكەوێتەوە.
ئەگەر ئەم شەڕە بقەومێ‌، توركیا تێك دەشكێ‌ بەڵام دەستبەرداری هاوپەیمانییەكەی لەگەڵ روسیا و ئێران نابێ‌ و رەنگە لە پەیمانی ناتۆ بكشێتەوە. ئەم تێكشكانە دۆخێكی خراپ بۆ ئەردۆغان لە ناوخۆی توركیا پێك دێنێ‌، بۆیە ئەگەر ئەردۆغان هەست بە هەڕەشەی راستەقینە بكا، ئەستەمە لەم بارەیەوە بڕیارێكی چەوت بدات. بەڵام لێرە مەسەلەكە دەوەستێتە سەر ئەوەی كە ئاخۆ ئەمریكا و فەرەنسا تا چ رادەیەك ئامادەن دەست لە ئەندامێكی ناتۆ بوەشێنن و سڵ لە هەڵگیرسانی شەڕ نەكەنەوە.
روسەكان لە سیناریۆ پێشبینیكراوەكاندا پێگەیەكی بەهێزیان هەیە، روسەكان دەزانن كورد پاش عەفرین ئەوەندەی جاران متمانەیان بە ئەمریكا نەماوە. رەنگە ئەمەش وایان لێ‌ بكا هەوڵی دورخستنەوەی كورد لە ئەمریكا بدەن، بەتایبەتی كە ئەوان ئەزمونێكی سەركەوتوویان لە دورخستنەوەی توركیا لە ئەمریكا هەیە  بەڵام كێشەكەیان لەوە دایە كە چۆن دەتوانن هاوسەنگی لە نێوان دوو نەیاردا راگرن، هەرچەند بەكردەوە ئەمە بەكێشە دانانرێ‌ چونكە روسەكان ئامرازی فشاریان بۆ سەر هەردوكیان هەیە، تاكە لایەنێكیشن كە دەتوانن سنور بۆ جموجوڵی هەر لایەكیان دابنێن.
قەیرانی سوریا لە قۆناغی كۆتایی دایە ‌و هەموو لایەنەكان خۆیان بۆ ئەوە ئامادە كردووە كە رۆڵیان لە داڕشتنی  چارەسەری كۆتایی هەبێ‌. لەناو هەموو لایەنەكاندا، روسیا بەبرەوترینیانە، بەتایبەتی پاش ئەوەی كە توانی مەرجەعیەتی ئەستانە بەسەر مەرجەعیەتی ژنێڤدا بسەپێنێ‌ ‌و ئەمریكا ناچار بكا بیر لە كێشانەوەی هێزەكانی بكاتەوە.
قەیرانی سوریا لەوە تێپەڕیوە كە قەیرانێكی ناوچەیی بێ‌. هەموو پێشهاتەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە جیهان بەرەو دۆخی شەڕی سارد دەگەڕێتەوەو مەترسییەكانی سەر ئاشتیی جیهانیش رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبن.
Print