Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
لاپەڕەیەكی تری قەیرانی ناڕەزایەتییەكانی عیراق

فەرید ئەسەسەرد 9/12/2019
لاپەڕەیەكی تری قەیرانی ناڕەزایەتییەكانی عیراق

نوسینی: فەرید ئەسەسەرد

بۆردومانكردنی بارەگای موقتەدا سەدر لە لایەن فڕۆكەیەكی بێ‌ فڕۆكەوانەوە، رووداوێكی ئاسایی نییەو ئاماژەیە بۆ پێشهاتی گەورە لە قەیرانی عیراقدا. ئەمە بەم مانایە دێت كە ئەو تیۆرییەی پێی وایە هەموو یارییەكە هەر لە دەستپێكەوە دەستی سەدری تێدا بووە، خەریكە لایەنگرانێكی زۆر پەیدا دەكا. دەستەبژێری سیاسیی عیراق هەست بە مەترسی دەكاو لە ناو ئەو دەستەبژێرەدا خەریكە شیعەكان هەست بەوە دەكەن كە دەسەڵاتیان لەق بووەو ئەگەر بە ساكاوی دەستەوسان بمێننەوە، رەنگە دەستكەوتە گەورەكانیان لە دەست بدەن. هەروەها ئێرانییەكان وای دەبینن كە قەیرانەكەی عیراق هێڵە سوورەكانی بەزاندووەو خەریكە كاریگەریی گەورە لەسەر بەرژەوەندییەكانیان دروست دەكا. دیمەنەكە هەمووی بەسەر یەكەوە، ئەوەی لێ‌ پێشبینی دەكرێ‌ كە گەڕٍێكی دیكەی دژواری قەیرانەكە بەڕێوەیە.
شیعەكان بەو چاوە سەیری سەدر دەكەن كە لاسارییەكانی زیانبەخشن ‌و دەبێ‌ سنوورێكی بۆ دابنرێ‌، بە تایبەتی پاش هێرشكردنە سەر گۆڕستانی بنەماڵەی حەكیم لە نەجەف ‌و سوتاندنی كونسوڵگەریی ئێران.
هەفتەی رابردوو سەدر بە تۆنێكی تر قسەی دەكرد. لە سەرەتای خۆپیشاندانەكاندا بە "كۆ" قسەی دەكرد، بەڵام ئێستا "من" لە قسەكردندا زۆر بەكار دەهێنێ‌. لە رەوتی گەڕاندا بە دوای سەرۆك وەزیرانێكی تازە بۆ جێگرتنەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەدر رایگەیاند "من رێگا نادەم گەندەڵەكان بە جلوبەرگێكی تازەوە بگەڕێنەوە". لێرە تێبینی ئەوە دەكرێ‌ كە ئەو لەو لێدوانەدا وەك بڕیاردەرو رابەر قسە دەكا. هەروەها پاش زیادبوونی رەخنە لە بەردەوامبونی خۆپیشاندانەكان پاش دەستلەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی، رایسپارد لەسەر زاری ئەو بڵاوی بكەنەوە كە ئەو بە خۆپیشاندەران دەڵێ‌ "بگەڕێنەوە بۆ ماڵەكانتان ‌و خۆپیشاندان مەكەن"، هەروەك هەڕەشەشی كرد كە ئەگەر بەردەوام بن لەسەر خۆپیشاندان، ئەو پشتیوانییان لێ‌ ناكا. پەیامەكە روونە. ویستی ئەو پەیامە بە هەمووان بگەیەنێ‌ كە ئەو تاكە كەسە بتوانێ‌ كۆتایی بە خۆپیشاندانەكان بهێنێ‌ ‌و دەریچەیەك بۆ قەیرانە درێژخایەنەكە بدۆزێتەوە.
لە تەك سەدردا، سەرۆكی وەزیرانی پێشووی عیراق حەیدەر عەبادیش سەرگەرمی قۆستنەوەی قەیرانەكەیە بۆ خۆدەرخستن ‌و گەڕانەوە بۆ سەر شانۆ. عەبادی لە هەوڵێكدا بۆ بەدەستهێنانەوەی باق ‌و بریق، دەستپێشخەرییەكی دە خاڵیی راگەیاند ‌و تێیدا داوای كرد ئەركی پێكهێنانی كابینەی تازە بە كەسێكی "سەربەخۆ" بسپێردرێ‌ ‌و دەبێ‌ كابینەكە نوێنەرێكی خۆپیشاندەرەكانی وەك "یاریدەدەر" تێدا بێ‌. لەو لاشەوە نوێنەرێكی فراكسیۆنەكەی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند كە فراكسیۆنی سائیرون كە گەورەترین فراكسیۆنی  ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقە، دەستبەرداری "ماف" ی خۆی دەبێ‌ ‌و كەس بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت كاندید ناكات ‌و لەم رووەوە رستەیەكی تەماویی بەكار هێناو وتی "كاندیدی گەل بژاردەی ئێمەیەو پێویستە لەسەر سەرۆكی كۆمار ئەوە لەبەرچاو بگرێ‌"، لەو لاشەوە وتی لە مەسەلەی دانانی سەرۆكی وەزیرانی تازەدا گەل (نەك ئەنجومەنی نوێنەران) بڕیار دەدا.
هەر دوا بەدوای ئەم لێدوانە، جەواد موسەوی لە راگەیەندراوێكی كورتدا رایگەیاند كە سائیرون سەرۆكی كۆمار ئاگادار دەكاتەوە كە دەستبەرداری "مافی" خۆی بووەو كەس بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت كاندید ناكا، بەڵام "رەزامەندە بەو كاندیدەی كە گەل هەڵیدەبژێرێ‌". لێرەش روون نەكرایەوە گەل چۆن سەرۆكی حكومەت هەڵدەبژێرێ‌، لە كاتێكدا ئەم ئەركە بە "گەل" نەسپێردراوە، بەڵكو بەپێی دەستوور بە نوێنەرانی گەل لە ئەنجومەنی نوێنەران سپێردراوە. ئێستا پاش ئەوەی خۆپیشاندانەكان یەكێ‌ لە سەرەكیترین داخوازییەكانیان بەدیهێنا كە دەستلەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدییە، سەدر دەترسێ‌ كارتەكانی فشار لە دەست بداو هیچ قازانج لە هێوربوونەوەی دۆخەكە نەكات. بۆیە لەبری ئەوەی بڵاوە بە خۆپیشاندانەكان بكا، خۆپیشاندانەكانی لە ئاستێكی دیاریكراودا هێشتەوە بۆ ئەوەی كارتی شەقام لەدەست نەدا.
بەردەوامبونی خۆپیشاندانەكان عیراق بەرەو هەرەسی ئابووری ‌و تەشەنەسەندنی قەیرانی سیاسی دەباو تەنانەت لەوانەیە دۆخەكە شەڕی ناوخۆشی لێ‌ بكەوێتەوە. ئەمەش رژێمی سیاسی ناچار دەكا ئاستی بەكارهێنانی توندوتیژی بۆ كۆتاییهێنان بە ناڕەزاییەكان بەرەو هەڵكشان ببا. لێرەدا سەدر هەڵەیەكی گەورەی كرد، چونكە داوای لە هێزە چەكدارەكانی خۆی كرد "بەرگری" لە خۆپیشاندەران بكەن. لەو ماوەیەدا سەدر لە سایەی دیاردەی هەرەسهێنانی دەوڵەت لە هەندێ‌ پارێزگادا، زۆر گروپی چەكداری دروست كرد. لەمەوبەریش "سوپای مەهدی" ی دروست كردبوو. پاش هەڵوەشاندنەوەی ئەو سوپایە، گروپی دیكەی بە ناوی سەرایای دیفاع دروستكرد. ئەمەش نیشانی دەدا كە سەدر وەك دەوڵەت لە ناو دەوڵەتدا هەڵسوكەت دەكا.
ئەو هەلەی بۆ سەدر هەڵكەوتووە بۆ دەركەوتن وەك كەسی یەكەمی عیراق ‌و شڵەژانی دامودەزگاكانی دەوڵەت، دەمێكە سەدر چاوەڕێی دەكات. بەڵام یاریی بەكارهێنانی شەقام بۆ روخاندنی حكومەت، یارییەكی مەترسیدارە ‌و ئەنجامەكانی بە ئەستەم كۆنترۆڵ دەكرێن. جگە لەوە، ئەم یارییە كاتێك هێڵە سوورەكان دەبەزێنێ‌، دەشێ‌ توندترین كاردانەوەی لێ‌ بكەوێتەوە. بۆردومانكردنی بارەگاكەی سەدر بە فڕۆكەی بێ‌ فڕۆكەوان، نمونەیەكی زیندووی ئەو كاردانەوە توندانەیە.
Print