Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
دیوەكەی تری رووداوەكانی ئیدلب

فەرید ئەسەسەرد

دیوەكەی تری رووداوەكانی ئیدلب

فەرید ئەسەسەرد

لەگەڵ پێشڕەویی سوپای رژێمی سوریا لە ناوچەی ئیدلب، هەزاران هاووڵاتیی سوریا شوێنەكانی شەڕیان بەجێهێشت و هەڵكشانە باكوور رووەو دەروازەی بابولهەوا بۆ پەڕینەوە بەرەو توركیا. بەڵام لەبری ئەوەی رێیان پێ‌ بدرێ‌ بچنە ئەودیوی سنوور، دەرگایان بە روودا داخرا.
لە راستیدا ئەمە یەكەمجارە توركیا دەرگا بە رووی ئاوارە سورییەكاندا دادەخا. هەر بە هۆی ئەمەشەوە دەوروبەری 10 هەزار ئاوارەی دەڤەری ئیدلب لە بەردەم دەروازەی بابولهەوا گردبوونەوە و خۆپیشاندانێكی گەورەیان سازكرد.
توركیا هەر لە سەرەتاوە دەترسا ئۆپەراسیۆنەكانی ئیدلب ببنە مایەی شاڵاوێكی تری ئاوارەبوون. لانی كەم سێ‌ ملیۆن سوری لە توركیا ئاوارەن. ئەمەش بارێكی گرانی لە هەموو روویەكەوە لەسەر توركیا دروست كردووە. لە سەرەتای قەیرانەكەدا، توركیا پێشوازییەكی گەرم و گوڕی لە ئاوارەكان كرد و سەرۆكی توركیا ئەمانەی بە موهاجرینی سەردەمی پێغەمبەر شوبهاند. توركیا پێی وابوو فشاری ئاوارەكان زۆری لەسەر ناكەوێ‌ و هەر ئەوەندەیە رژێمی سوریا لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا بڕوخێ‌، هەر هەموویان بە خێرایی دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان. بەڵام مەسەلەكە وا دەرنەچوو. لە بەرەنجامی كۆتاییدا ئاوارەكان بوونە بارێكی گران بەسەر دەوڵەتی توركیا و لە ناو وڵات شاڵاوێكی رق و كینە لە دژیان سەری هەڵدا.
بەڵام مەسەلەكە هەر ئەوە نییە كە توركیا دەرگای بە رووی ئاوارەكاندا داخستووە، بەڵكو مەسەلەكە لەمە قوڵترە و دوو دیوی هەیە. یەكەمیان ئەوەیە كە توركیا بەرەو گۆڕینی تەواوی سیاسەتی خۆی بەرامبەر بە قەیرانی سوریا هەنگاو دەنێ‌ و لەم چوارچێوەیەدا نایەوێ‌ چیتر دەرگاكانی لە بەردەم شاڵاوی ئاوارەكاندا واڵا بكات. دووەمیان، ئەوەیە كە توركیا هەر لەم چوارچێوەیەدا رووەو ئەوە هەنگاو دەنێ‌ كە دەست لە پشتگیریكردنی گروپە چەكدارە بەرهەڵستكارەكانی دژ بە رژێمی سوریا هەڵگرێ‌ و لەم رووەوە پێشبینی دەكرێ‌ سوپای رژێمی سوریا لە داهاتوویەكی نزیكدا بتوانێ‌ دەست بەسەر ئیدلب و دەوروبەری و چەند ناوچەیەكی دیكەدا بگرێ‌.
توركیا لەو رێككەوتنەی كە لە 17ی ئەیلولی ساڵی پار واژۆی كردووە، خۆی بەوە پابەند كردووە كە دەست لە پشتگیری كردنی گروپە چەكدارە بەرهەڵستكارەكان هەڵگرێ‌. بە درێژایی یەك ساڵی رەبەق، توانی دەستی دەستی بە روسیا بكا، بەڵام لە كۆتاییدا روسەكان پەیامێكی روونیان گەیاندە ئەنكەرە و رێككەوتنەكانی پێشوویان بە بیر هێنایەوە و گڵۆپی سەوزیان بۆ دیمەشق هەڵكرد بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆن لە خان شیخون.
یەك رۆژ پێش چاوپێكەوتنی ئەردۆغان و پۆتین لە مۆسكۆ، وەزیری دەرەوەی روسیا سێرگی لاڤرۆڤ لێدوانی دا و رایگەیاند كە مۆسكۆ بەشدارە لە ئۆپەراسیۆنەكانی ئیدلب و پشتیوانی لە سوپای سوریا دەكات.
توركیا نایەوێ‌ وا خۆی پیشان بدا كە پشتی لە ئاوارەكانی سوریا كردووە و بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێ‌ كە دەستبەرداری گروپە بەرهەڵستكارە چەكدارەكان بێت. بەڵام رەوتی رووداوەكان بەرەو ئەوە دەچێ‌ كە توركیا بەنیازە، بە شێنەیی، خۆی لە فایلی سوریا بێنێتە دەرێ‌. ئەمەش بە كردەوە سێ‌ ئەنجامی لێ‌ دەكەوێتەوە:
یەكەمیان، ئەوەیە كە هیچ بەربەستێك بۆ پێشڕەویی سوپای رژێمی سوریا دروست ناكا و دەست لە پشتگیركردنی گروپە بەرهەڵستكارەكان هەڵدەگرێ‌.
دووەمیان، دەبێ‌ ناوچەكانی رۆژئاوای فورات لە جەرابلسەوە تا عەفرین چۆڵ بكات و هەر هەمووی رادەستی حكومەتی سوریا بكاتەوە.
سێیەمیان، ئەوەیە كە بەرەو ئاشتبوونەوە لەگەڵ دیمەشق هەنگاو دەنێ‌ و هەوڵدەدا رێككەوتننامەی ساڵی 1998ی ئەدەنە جێبەجێ‌ بكا، كە مایەی هێنانە كایەی هاوكارییەكی ئەمنییە لەگەڵ سوریا بۆ دەستەبەركردنی ئاسایشی سنوور.
ئاشكرایە كە توركیا بە خۆدەربازكردن لە قەیرانی سوریا، لێپرسراوێتییەكی گەورەی لە كۆڵ دەبێتەوە، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە كە ئەمە بەم واتایە دێت كە توركیا پێداچوونەوە بە سیاسەتی دەرەوەیدا دەكات و دەستبەرداری پرۆژەی عوسمانیزمی نوێ‌ دەبێ‌ و زۆرتر بایەخ بە ناوەوە دەدا نەك بە دەرەوە.
ئەمە بەم مانایە نییە كە دەربازبوونی توركیا لە قەیرانی سوریا، هەموو كێشەكانی چارەسەر دەكا. دەربازبوونی توركیا لە قەیرانی سوریا خۆی لە خۆیدا سەرەتای قۆناغێكی تری گیروگرفت و گێچەڵە لە ناوخۆدا، كە كاریگەریی زۆری لەسەر پاشەكشەی رۆڵی ناوچەیی توركیا دەبێ‌ و لە ناوخۆشدا ئاستی ناسەقامگیری بەرەو هەڵكشان دەبات.

Print