Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
دەستپێشخەرییەكەی ماككۆرگ لەنێوان لەدەستدان‌و قۆستنەوەدا

فەرید ئەسەسەرد

دەستپێشخەرییەكەی ماككۆرگ لەنێوان لەدەستدان‌و قۆستنەوەدا

نوسینی: فەرید ئەسەسەرد

پاش ئەوەی پەرلەمانی كاراكراو رۆژی 25ی ئەیلولی وەك رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم چەسپاندو دوای ئەوەی بارزانی لە میدیاكاندا رایگەیاند كە دەستپێشخەرییەكەی ماككۆرگ لە ریزكردنی وشە هیچی تر نییە، هەڵوێستی فەرمیی هەرێم بەشێوەی رەت كردنەوەی دەستپێشخەرییەكە فۆرمۆڵەبەندی بوو. هەرچەند بارزانی دەستپێشخەرییەكەی رەت كردۆتەوە، بەڵام تا ئەمڕۆ بۆ خەڵكی روون نەكردۆتەوە بۆچی رەتی كردۆتەوەو تەنانەت باسی ناوەڕۆكی دەستپێشخەرییەكەشی نەكردووە، لەكاتێكدا مافی هاووڵاتییانە بزانن دەستپێشخەرییەكی نێودەوڵەتیی گرنگی وەك دەستپێشخەرییەكەی ماككۆرگ بۆچی رەت دەكرێتەوە.
دەستپێشخەرییەكە دواخستنی ریفراندۆمی تێدا نییە، بەڵكو هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆمی تێدایەو گەرەنتیی نێودەوڵەتیی بۆ سەقامگیركردنی پەیوەندیی نێوان بەغداو هەرێم پێشكەش دەكا. نەتەوە یەكگرتووەكان‌و لەناویدا ئەنجومەنی ئاسایش لایەنی گەرەنتیكار دەبێ‌، لەوانە ئەمریكاو بریتانیاو فەرەنسا. لەم سەروبەندەشدا ئەمریكییەكان رەزامەندیی روسیاشیان وەرگرتووەو پێیان وایە چینیش لە دژی دەستپێشخەرییەكە ناوەستێتەوە. كڕۆكی دەستپێشخەرییەكە رێككەوتنە لەگەڵ بەغدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەری كۆتایی بۆ هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكان.
هاتنە ئارای دەستپێشخەرییەكە لەم هەلومەرجەی ئێستادا، خۆی لەخۆیدا ئەو تیۆرییە پوچەڵ دەكاتەوە كە گوایە هیچ كاتێك بەقەد ئێستا، بۆ وروژاندنی پرسی سەربەخۆیی لەبار نییە. بەدڵنیاییەوە ئەگەر كاتەكە لەبار بوایە، وروژاندنی پرسی ریفراندۆم ئەم هەموو ناڕەزاییە ناوچەیی‌و نێودەوڵەتییەی لێ‌ نەدەكەوتەوە.
وروژێنەرترین خاڵ لە مەسەلەكەدا ئەوەیە كە رەتكردنەوەی ریفراندۆم بەمانای رەتكردنەوەی ئەنجامەكانیشی دێ‌. بۆیە، ئەمە بەم واتایە دێ‌ كە ئەگەر ریفراندۆم بەرزترین رێژەی دەنگی پشتیوانیش بەدەست بێنێ‌، ئەمە هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێ‌‌و بە ئامانجی سەربەخۆیی ناگات. ئەمە ئەوە دەگەیەنێ‌ كە دەشێ‌ مەسەلەكە لەكۆتاییدا هەر بەو ئاكامە بگات كە ریفراندۆم هەر بۆ ریفراندۆم بێ‌‌و هیچی لێ‌ هەڵنەوەرێ‌.
خەریكە ئاكامە خراپەكانی بەهەند وەرنەگرتنی فشارە ناوخۆیی‌و ناوچەیی‌و نێودەوڵەتییەكان دەردەكەون. هەر ئەم مانگە سێ‌ پێشهات سەریان دەرهێنا. لەلایەك ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەسەڵاتی تەواوی بە سەرەك وەزیران حەیدەر عەبادی دا بۆ گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ رێگرتن لەدابەشبونی عیراق. لەلایەكی ترەوە، ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر داوای عەبادی بڕیاری لابردنی پارێزگاری كەركوكی دەركردو دوا بەدوای ئەمەش، بەشێوەیەكی كتوپڕو ناچاوەڕوانكراو، بیرۆكەی دانانی فەرماندەیەكی عەسكەری لەكەركوك هاتە ئاراوە، هەر سێ‌ هەنگاو یەك لەدوای یەك هاتن، كەئەمەش شتێكی وای لێ‌ هەڵدەكڕێندرێ‌ كە بەغدا بەپێی پلانێكی دانراو كار دەكاو دەزانێ‌ چی دەكا. هەڵوێستی هەرێم لەوە تێنەپەڕیوە كە گاڵتە بەم هەنگاوانەی بەغدا بكاو هەڕەشەكان بە "هەڕەشەی منداڵانە" ناو ببات. گاڵتەكردن بە هەڕەشەكانی بەغدا مەترسییەكان ناڕەوێنێتەوەو بە كردار هیچ پێشكەش ناكا. هەروەها گاڵتەكردن بە هەڵوێستی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەئەنجامدانی ریفراندۆم، هەرێمی كوردستانی لەقەوارەیەكی پشتگیریلێكراو و پێشوازی لێكراوەوە كردۆتەوە قەوارەیەكی گۆشەگیرو دورەپەرێزو دابڕاو.
خەریكە ناوبانگی هەرێم لە جیهاندا وەك ناوبانگی كۆریای باكوری لێ‌ دێ‌ كە لاساری دەكاو گوێ‌ ناداتەوە داخوازییەكانی كۆمەڵی نێودەوڵەتی. وەك چۆن كۆریای باكور لە رۆژهەڵاتی ئاسیا بۆتە مایەی سەرئێشە بۆ كۆمەڵی نێودەوڵەتی، هەرێمیش خەریكە هەمان رۆڵی كۆریای باكور لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگێڕێ‌. گومانی تێدا نییە كە كۆریای باكور بە جبەخانە ئەتۆمییەكەی خۆیەوە دەنازێ‌، لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان هیچی نیە لە روبەروبونەوەی كۆمەڵی نێودەوڵەتیدا پشتی پێ‌ ببەستێ‌.
دەستپێشخەرییەكەی ماككۆرگ دەستپێشخەرییەكی نمونەیی نییە، بەڵام تا ئێستا هیچ بژاردەیەكی باشتر نییە. ئەگەر ئەم دەستپێشخەرییە لەدەست بدرێ‌، ئاراستەی روداوەكان بە ئەستەم كۆنترۆڵ دەكرێ‌.

Print