Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
لێكەوتەكانی بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا

فەرید ئەسەسەرد

لێكەوتەكانی بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا

نوسینی: فەرید ئەسەسەرد

كتوپڕ و بە شێوەیەكی ناچاوەڕوانكراو سەرۆكی ئەمریكا ترەمپ ئارەزوی كشانەوەی هێزەكانی لە سوریا دەربڕی. ئەمەش كارێكی دەگمەنە لە مێژوی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا چونكە ئەمریكا وەك یەكێك لە پێشكەوتوترین سیستمە دامەزراوەییەكان، تەنها پاش راوێژ و لێكۆڵینەوە و تاوتۆێ‌ كردنی بابەتەكە لە هەموو رویەكەوە، بڕیار دەدا نەك كتوپڕ و بە هەڵەداوان.
بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا، گەورەترین سەركەوتنە بۆ ئەردۆغان كە لە ماوەی رابردوودا، زیرەكانە و بەشێنەیی، تەنگی بە ترەمپ هەڵچنی و كارتەكانی دەرچون لە ناتۆ و پشت كردنە جیهانی رۆژئاوا و كڕینی چەكی روسی و مەسەلەی كوشتنی خاشقچیی بۆ سەرلێشێواندنی ترەمپ بەكار هێنا و لە دواییشدا كارتی هەڕەشەی هێرش كردنە سەر رۆژهەڵاتی فوراتی بەكار هێنا كە ئەگەری شەڕی ئەمریكا- توركیای زیاد كرد. لە ئەنجامدا ترەمپ كشانەوەی لە پێكدادان پێ‌ باشتر بوو.
ترەمپ نایەوێ‌ ببێ‌ بە هۆی دەرچونی توركیا لە كامپی رۆژئاوایی چونكە ئەمە دەبێتە هۆی پەیوەندی كردنی توركیا بە بەرەی روسیا و چینەوە. وەك سەرۆكێك كە هیچ دەربارەی سیاسەتی نێودەوڵەتی نازانێ‌، زۆر ئاساییە بڕیارەكانی بێ‌ سەروبەر بن. هەموو نەیارانی ئەمریكا، بەتایبەتی توركیا و روسیا و ئێران، قازانج لە بڕیارەكانی ترەمپ دەكەن. ئەمەش تەنها یەك مانای هەیە، ئەویش ئەوەیە كە ترەمپ بەبێ‌ پلان كار دەكا و هەڵسەنگاندنی وردی بۆ بڕیارەكانی خۆی و بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی نیە.
دەست لەكاركێشانەوەی وەزیری بەرگریی ئەمریكا جیم ماتیس پەیوەندیی بە بڕیارەكەی ترەمپەوە هەیە. ماتیس راوێژی پێ‌ نەكراوە و وەك لە نامەی دەست لەكاركێشانەوەی دەردەكەوێ‌، ئەو دژی كشانەوەیە لە سوریا و نوسیویەتی كە دەبێ‌ ئەمریكا بە شێوەیەكی شایستە مامەڵە لەگەڵ هاوپەیمانەكانی خۆی بكات. ئەو لێرە مەبەستی كوردی سوریایە. لە ناو كۆنگرێس، سیناتۆرەكان لە رارایی و بڕیارە كتوپڕەكانی ترەمپ نیگەرانن، تەنانەت ئەندامانی حزبەكەی ترەمپیش نیگەرانیی خۆیان لەم بارەیەوە ناشارنەوە. ماركۆ روبیۆ لە پارتی كۆماری وتویەتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا سەرەنجامی خراپی لێ‌ دەكەوێتەوە و نیشانی داوە كە ئەو سیاسەتە بەرەو "زنجیرەیەك هەڵەی سیاسی" دەچێ‌. هەروەها مارك وارنەر لە پارتی دیموكرات وتویەتی دەست لەكاركێشانەوەی ماتیس كارێكی"مەترسیدارە".
لە ڕاستیدا ماتیس تاكە وەزیر نیە دەست لەكار بكێشێتەوە. پێش ئەو، هەر یەك لە وەزیرەكانی دەرەوە، ناوخۆ و داد دەستیان كێشاوەتەوە. هۆی هەموو دەست لەكاركێشانەوەكان ئەوەیە كە سەرۆك راوێژ بە كەس ناكا و راپۆرتەكان ناخوێنێتەوە و خۆی لە هەموان بە زیرەكتر دەزانێ‌. لە بڕیاری كشانەوەی هێزەكان لە سوریا، نە وەزارەتی دەرەوە پشتیوانە و نە راوێژ بە لێپرسراوەكانی ئاسایشی نەتەوەیی كراوە.
رۆژنامەی "گاردیان"ی بریتانی مەسەلەیەكی گرنگی وروژاندووە، ئەوەش ئەوەیە كە ماتیس دووەم بەهێزترین لێپرسراوی ناو حكومەتەكەی ترەمپ بووە و وا گوزارشتی لەم مەسەلەیە كردووە كە ماتیس"یارمەتیی جیهانی داوە تا بتوانرێ‌ جڵەوی ترەمپ بگیرێ‌". ئەمە بەم واتایە دێت كە جیهانی پاش دەست لەكاركێشانەوەی ماتیس لە مەترسیدایە.
تەنانەت مۆسادی ئیسرائیلیش كە شانازیی بەوەوە دەكرد كە ئاگای لە هەموو شتێكە لە جیهاندا، ئاگای لە بڕیارەكەی ترەمپ نەبو. ئیسرائیل یەكێك لە گەورەترین زیانلێكەوتووەكانی بڕیارەكەی ترەمپە چونكە لە سوریا بەرامبەر بە رژێمی ئەسەد و روسیا و توركیا و ئێران تەریك ماوەتەوە و لێرە بەدواوە بژاردەكانی ئێجگار تەنگەبەر دەبن.
لە ناو سوریا، كورد گەورەترین زیانلێكەوتووە. لەخۆبایی بون و بوغرایی سەركردەكانیان و هەڵەكردن لە هەڵسەنگاندنی دۆخەكەو هەڵبژاردنی سەنگەرە چەوتەكە، زۆر گران لەسەریان دەكەوێ‌. لەم هەلومەرجەی ئێستا جگە لە رادەست كردنی ناوچەكان بە هێزەكانی رژێمی سوریا، ، هیچ رێگایەكی تر نیە. بێگومان ئەمە زیانێكی زۆر بە كورد دەگەیەنێ‌ بەڵام ئەو زیانە لە زیانی هاتنی توركیا بۆ ناوچەكانیان كەمترە. لانی كەم دەشێ‌ ئەم هەنگاوە ببێ‌ بە مایەی چاككردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ روسیا و دیمەشق، بەتایبەتی كە چونی هێزەكانی توركیا بۆ ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فورات لە بەرژەوەندیی روسیا و دیمەشق دا نیە، چونكە توركیا بەبێ‌ بەرانبەر لە ناوچەكان ناكشێتەوە و رەنگە بەشێكی ناوچەكان رادەستی هێزە بەرهەڵستكارە دۆستەكانی خۆی بكات كە ئەمەش هەم پرۆسەی ئاشتی ئاڵۆزتر دەكا هەم پێگەیەكی بەهێزتر لەسەر مێزی گفتوگۆ بۆ ئۆپۆزیسیۆنی سەر بە توركیا و خودی توركیا لە مەسەلەی دیاریكردنی ئایندەی سوریا دابین دەكات.
كوردەكانی سوریا زۆر هەڵەیان كردووە. كاتی ئەوە هاتووە دەستوبردی لێ‌ بكەن و بڕیارێكی دروست بدەن.

Print