Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
پەیوەندییەكانی ئەمریكا- توركیا لە وەرچەرخانێكی مەترسیداردا

فەرید ئەسەسەرد
پەیوەندییەكانی ئەمریكا- توركیا لە وەرچەرخانێكی مەترسیداردا

نوسینی: فەرید ئەسەسەرد

لەوەتەی توركیا بۆتە ئەندامی پەیمانی ناتۆ و هاوپەیمانی ستراتیجیی ئەمریكا، ئەوە یەكەم جارە راپۆرتێكی جیاواز لەوانەی پێشوو سەبارەت بە توركیا پێشكەش بە ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەمریكا بكرێ‌. ستیڤن كوك پسپۆر لە بواری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا لە راپۆرتەكەیدا پێی وایە توركیا ئەندامی ناتۆیە بەڵام لەوە دەرچووە كە بە هاوبەش بژمێردرێ‌ و پێی وایە دروستكەرانی بڕیار لە ئەمریكا لەمەودوا دەبێ‌ لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵە لەگەڵ توركیا بكەن كە نە دۆستە نە دوژمن. كوك پێشنیاری هەڵوەشاندنەوەی بنكەی ئینچەرلیكی كردووە و داواكارە ئەمریكا بەردەوام بێ‌ لەسەر پەیوەندییەكانی لەگەڵ كوردی سوریا.
راپۆرتەكە لە كاتێكدا نوسراوە كە توركیا هەڕەشەی هێرش كردنە سەر هێزەكانی سوریای دیموكرات دەكات و دۆخێكی ئاڵۆز بە هۆی ئەم هەڕەشەیەوە هاتۆتە ئاراوە.
تا ئێستا واشنتن هەڵوێستێكی روونی دەرنەبڕیوە. بەدڵنیاییەوە دەبێ‌ لە نێوان كورد و توركیا یەكێكیان هەڵبژێرێ‌. ئەگەر ئەمریكا دەست لە كورد هەڵگرێ‌، توركیا دەستی ئاوەڵ دەبێ‌ لە هێرش كردنە سەر ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فورات و دەتوانێ‌ هەژمونی خۆی بسەپێنێ‌. لەم سیناریۆیەدا ئەمریكا لە دوو لاوە زیانی لێ‌ دەكەوێ‌. لە لایەك، هاوپەیمانیی لەگەڵ كورد لە دەست دەدا و لە لایەكی ترەوە مانەوەی لە ناو سوریا هیچ مانایەكی نامێنێ‌. جگە لەوەی كە هیچ بەڵگەیەك لەسەر ئەوە نییە كە توركیا پاش بەدی هێنانی ئامانجەكانی، پشت لە روسیا و ئێران دەكا و واز لە كڕینی سیستمی بەرگریی ئێس 400 دێنێ‌ و دەبێتەوە بە هاوبەشەكەی جاران. لە سیناریۆی دووەمدا، ئەگەر ئەمریكا بڕیاریدا بەردەوام بێ‌ لەسەر پەیوەندییەكانی لەگەڵ كورد، دەبێ‌ ئامادەی شەڕ بێ‌ لەگەڵ توركیا لە كاتی هێرش بۆ سەر باكووری سوریا كە ئەمەش هەر روداوێكی خراپە.
هەڕەشەكانی توركیا بە خۆڕایی نین. لە كۆتایی ئازاری ساڵی داهاتوودا، هەڵبژاردنی شارەوانی لە توركیا بەڕێوە دەچێ‌ و بەپێی راپرسییەكان پارتی دەسەڵاتدار زۆرینەی رەها بەدەست ناهێنێ‌. ئەمەش وای لە سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان كردووە بە دوای بەدەست هێنانی سەركەوتنێكی تردا لە سوریا بگەڕێ‌. بەڵام ئەمە خۆی لە خۆیدا سەركێشییەكی گەورەیە. ئەگەر سەركەوتوو بێ‌ لە سەپاندنی سیناریۆی یەكەم بەسەر ئەمریكادا، چانسی باشتربوونی پێگەی پارتی دەسەڵاتدار لە هەڵبژاردن زۆرتر دەبێ‌. بەڵام ئەگەر مانۆرەكەی توركیا شەڕی لەگەڵ ئەمریكا لێ‌ بكەوێتەوە، ئەوا كارەساتەكە دوو لایەنە دەبێ‌، هەم بۆ توركیا هەم بۆ پارتی دەسەڵاتدار.
لەم دواییەدا توركیا زۆر بە هەستیارییەوە هەڵسوكەوت دەكا چونكە رەوشی رووداوەكان رووی لەوەیە كە ساڵی داهاتوو چارەسەرێك بۆ قەیرانی سوریا بدۆزرێتەوە. لە دۆخێكی وادا توركیا هەم كارتی ئۆپۆزیسیۆن لەدەست دەدا هەم كوردی سوریا شتێكی دیاریكراویان چنگ دەكەوێ‌.
پێشهاتە تازەكە ئەوەیە كە پاش ئەو هەرایەی كە توركیا بەرامبەر بە كوشتنی جەمال خاشقچی نایەوە، سعودیە و ئیمارات كەوتونەتە بەكار هێنانی كارتی كوردی سوریا لە دژی توركیا. هەواڵەكان دەری دەخەن كە سعودییەكان شاندێكی عەسكەرییان بۆ منبج ناردووە و پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كورد پەرە پێ‌ داوە، هەروەك پەیوەندییەكانیان لەگەڵ خێڵە عەرەبەكانی سوننە، بەتایبەتی شممەر، سەقامگیر كردووە. بەپێی زانیارییەكانی رۆژنامە ئەمریكییەكەی وول ستریت ژورنال، ئەمریكا پلانی ناردنی هێزی چەند وڵاتێكی عەرەبی بۆ باكووری سوریا هەیە، لەوانە سعودیە و ئیمارات و میسر و ئوردون و مەغریب. ئەمەش كاریگەریی خراپی لەسەر پلانەكانی توركیا دەبێ‌.
لە راستیدا كوردەكانی سوریا لە دۆخێكی ناهەموار دان و كەوتونەتە ناو ململانێی ئەمریكا- توركیا و ململانێی ئەمریكا- روسیا و ململانێی توركیا- سعودیە و ململانێی ئێران- ئەمریكا و ستراتیجێكی روونیان نیە. پڕیشكی ئەو هەموو ململانێیانە، كەم تا زۆر، زوو تا درەنگ، هەر بەر كورد دەكەوێ‌. لە ناوجەرگەی ئەم هەموو ململانێیەدا كورد نەیتوانیوە وەك ئەكتەرێكی سەربەخۆ هەڵسوكەوت بكا و بە ویستی خۆی چۆتە ناو بوارێكی ئێجگار ئاڵۆز كە بواری پەیوەندیی نێودەوڵەتییە كە ئەمەش كردویەتی بە تێوەگلاوێكی راستەوخۆ لە ململانێ‌ ناوچەیی و جیهانییەكاندا. لە دۆخێكی وا ئاڵۆزدا دەشێ‌ سیناریۆ خراپەكان بە كارەسات كۆتاییان بێ‌، بۆیە رەوشەكە پێویستی بە پیادەكردنی میكانیزمی تازەیە بۆ روبەڕوبونەوەی ئاڵنگارەكانی ئەو قۆناغە سەختە. 
Print