Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
سوریا و كورد پاش بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا

فەرید ئەسەسەرد

سوریا و كورد پاش بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا

نوسینی: فەرید ئەسەسەرد

پاش پەرەسەندنی كاردانەوە توندەكانی دژ بە بڕیارە كتوپڕەكەی سەرۆكی ئەمریكا ترەمپ سەبارەت بە دەستبەجێ‌ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا، ئێستا واشنتن سەرقاڵی چارەسەركردنی لێكەوتەكانی بڕیارەكەیە. بڕیارەكە دوو راستیی دەرخست. یەكێكیان ئەوەیە كە ترەمپ هیچ دەربارەی سیاسەتی نێودەوڵەتی نازانێ‌ و دووەمیان ئەوەیە كە ئەمریكا هەمیشە ئامادەیە دەست لە هاوپەیمانەكانی هەڵگرێ‌.
لە هەوڵێكدا بۆ جوان كردنی دەموچاوی ئەمریكا، وەزیری دەرەوە مایك پۆمپیۆ لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی نیووز ماكس، پەیوەند بە بڕیاری كشانەوەی هێزەكان لە سوریا، رایگەیاند كە ئەمریكا كار بۆ دوو ئامانج دەكا. یەكێكیان دەستەبەركردنی دۆخێكە كە تێیدا توركیا پاش كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا نەكەوێتە وێزەی كوردەكانی سوریاوە. ئەوی تر، پاراستنی كەمینە ئاینییەكانی سوریایە. بەڵام هەر ئەم لێدوانە، دەشێ‌ ببێ‌ بە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانێكی تر لەگەڵ توركیا. هەر چەند پۆمپیۆ روونی نەكردۆتەوە چۆن ئەمریكا پاش كشانەوەی هێزەكانی رێ‌ لە هێرشی توركیا بۆ سەر كوردەكان دەگرێ‌ و چۆن كەمینە ئاینییەكانی سوریا دەپارێزێ‌، بەڵام ئەم ناڕوونییە شتێكی تازە نییە لە سیاسەتی ئەمریكادا، بەتایبەتی لە سەردەمی ترەمپ دا، تەنانەت دەكرێ‌ مەسەلەكە بگاتە ئەو رادەیەی كە بوترێ‌ ئەمریكا بە كردەوە دەوڵەتێكی بێ‌ سیاسەتی دەرەوەیە، چونكە پرۆسەی دروست كردنی بڕیار لە واشنتن، لەوەتەی ترەمپ هاتۆتە سەركار، سەرلێشێواوییەكی زۆر بەخۆیەوە دەبینێ‌.
بڕیاری كشانەوەی هێزەكان لە سوریا، بەو شێوازەی كە ترەمپ گوزارشتی لێ‌ كرد، ئەمریكای وا هێنایە بەرچاو كە لە ئاستی لێپرسراوەتییە نێودەوڵەتییەكانی خۆی نیە، بەتایبەتی كە بڕیارەكە بەو پەرپوتییەی پێی راگەیەنرا، ئەگەری سەرهەڵدانی دوو شەڕی زیاد كرد، یەكێك لە نێوان كورد و توركیا و ئەوی تر لە نێوان سوریا و توركیا.
هەروەها جۆن بۆلتۆن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا كە بەنیازە سەردانی توركیا بكا، لە پەیجی تایبەتی خۆی هەوڵیداوە فریای ناوبانگی وڵاتەكەی بكەوێ‌، بۆیە نوسیویەتی ئەمریكا دەستبەرداری هاوپەیمانەكانی نابێ‌ لە سوریا كە دیارە لێرە مەبەستی كوردەكانی سوریایە. بەڵام ئەم رستەیەش خۆی لەخۆیدا پەیامێكی بۆ توركیا تێدایە. بۆلتۆن مەبەستێتی ئەو پەیامە بگەیەنێ‌، بەر لەوەی سەردانی ئەنكەرە بكات.
لە ڕاستیدا كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا شتێكی چاوەڕوانكراو بوو. ئەوەی چاوەڕواننەكراو بوو، كات و شێوەی كشانەوەكەیە. هەر چەند ئەمریكا لە سەرەتادا بە بیانوی شەڕی دژی داعش خۆی لە سوریا هەڵقورتاند، بەڵام لە سەرەتای خوتێهەڵقورتانەكەدا دوو ئامانجی سەرەكیی هەبوو. یەكێكیان روخاندنی رژێمی ئەسەد بوو، ئەوی دیكە بەرپەرچدانەوەی دەستێوەردانی روسیا. دواتر، ئامانجێكی تری زیاد كرد، ئەویش تەنك هەڵچنینە بە فاكتەری ئێرانی و دەستوپێوەندەكانی لە سوریا. لە راستیدا ئەمریكا هیچ كام لەم ئامانجانەی بەدی نەهێناوە، بۆیە زوو تا درەنگ هەر سوریای بەجێ‌ دەهێشت. بەڵام بۆ وڵاتێكی زلهێزی وەك ئەمریكا، رەوا نییە پاشاگەردانی لە پاش خۆی بەجێ‌ بێڵێ‌ و گوێ‌ نەداتە چارەنوسی هاوپەیمانەكانی.
بە بەراورد، فەرەنسا زۆر لە ئەمریكا بە ئەخلاقتر دەركەوت و ئامادەیی نیشاندا كە نەیەڵێ‌ كشانەوەی كتوپڕی هێزەكانی ئەمریكا زیان بە كورد بگەیەنێ‌. ئەمەش فەرەنسای سەردەمی بڕیاری 688 وەبیر دێنێتەوە.
گەلی ئەمریكا حەز ناكا وڵاتەكەی دەستبەرداری لێپرسراوەتییە نێودەوڵەتییەكانی بێ‌، هەر وەك ئەوەشی پێ‌ خۆش نییە حكومەتەكەی وەك حكومەتێكی سپڵە و بێ‌ وەفا لە جیهان بناسرێ‌. ئەوی راستی بێ‌، جیهان هێشتا زۆر پێویستی بە ڕۆڵی نێودەوڵەتیی ئەمریكایە بۆ دابین كردنی ئاشتی و چارەسەركردنی قەیرانەكان بەڵام ئەمە پێویستی بە سەرۆكێكە لە مانای لێپرسراوەتی بگات.
ئەوەندەی مەسەلەكە پەیوەندیی بە كوردەوە هەیە، ئەمریكا چ هێزەكانی، خێرا یان هێواش هێواش بكێشێتەوە یان نەكێشێتەوە، كورد چیتر ناتوانێ‌ متمانە بە سیاسەتی ئەمریكا بكا. ئێستا كوردەكان باشتر پەی بەوە دەبەن كە كێشەكانیان لە دیمەشق چارەسەر دەكرێن و لێرە بەدواوە پێویستە وەك بژاردەیەكی ستراتیجی مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە بكەن. ئەمەش رێ‌ بۆ ئەوە خۆش دەكات كە سوریای نوێ‌ لەسەر بنەمای سێ‌ گروپە سەرەكییەكەی عەلەوییەكان و سوننە میانڕەوەكان و كورد بنیات بنرێتەوە.

Print