Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
تیشكێك بۆ سەر راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە كوردستان

فەرید ئەسەسەرد
تیشكێك بۆ سەر راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە كوردستان

نوسینی: فەرید ئەسەسەرد

ماوەی چەند ساڵێكە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی وەك ئەمنستی ئینتەرناشیوناڵ ‌و هیوومان رایتس وۆچ راپۆرتی خراپ لەسەر رەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان بڵاو دەكەنەوە، بەتایبەتی سەبارەت مامەڵەكردن لەگەڵ مەسیحییەكان. گومان لەوەدا نیە كە ئەو راپۆرتانە ناوبانگی كوردو هەرێمی كوردستان لەكەدار دەكەن ‌و وێنەی كورد وەك چەوساوەو شەیدای ئازادی دەشێوێنن ‌و وێنەیەكی پێچەوانە پێشكەش دەكەن.
ئەو رێكخراوانەی ئەمڕۆ باسی رەوشی خراپی مەسیحییەكان دەكەن لە هەرێمی كوردستان، هەر ئەوانەن كە لە ساڵانی رابردودا بەرگرییان لە كورد كردووەو مەینەتیی كوردیان بە جیهان ناساندووە. ئەم رێكخراوانە هیچ بەرژەوەندییان لەوەدا نیە كە درۆ بكەن ‌و راپۆرتەكانیان لە سەرانسەری جیهان بەڕێزەوە وەردەگیرێن. مەسەلەی كورد قەرزارباری ئەو رێكخراوانەیە كە لەكاتی شەڕی جینۆسایدی كوردو كیمیاباران كردنی كوردستاندا قسەی خۆیان كردووەو بە بڵاوكردنەوەی راپۆرتی دیكۆمێنتار سەرنجی جیهانیان بەلای نەهامەتیی كوردا راكێشاوە.
ئەو رێكخراوانە هیچ ئەجیندایەكی سیاسییان نیە و ئامانجی سەرەكییان دروست كردنی فشارە لەسەر حكومەتە پێشێلكەرەكانی مافی مرۆڤە بۆ ئەوەی پێداچونەوە بە رەوشی مافی مرۆڤدا بكەن ‌و مافە مەدەنییەكانی هاووڵاتییانی خۆیان بسەلمێنن.
زۆربەی راپۆرتەكانی ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتییانە تیشك دەخەنە سەر ئەوەی كە ناویان ناوە "پێشێلكاری" دژی مەسیحییەكان، بە تایبەتی لە هەولێر و دهۆك ‌و دەشتی نەینەوا. زیادبونی ژمارەی ئەو راپۆرتانە، حكومەتی هەرێمی ناچار كرد دامەزراوەیەك بە ناوی لیژنەی باڵای بەداواچون ‌و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان بە لێپرسراوەتیی بەڕێز دیندار زێباری پێك بێنێ‌. ئەركی ئەم دامەزراوەیە رەتكردنەوەو وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانە. بونی دامەزراوەیەكی سەربەخۆ بۆ وەڵامدانەوەی راپۆرتەكانی تایبەت بە پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، خۆی لە خۆیدا بەڵگەی زۆریی ژمارەی راپۆرتەكانە و هەروەها بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ نیشانەی بونی پێشێلكاریشە.
لە دوایین لێدوانیدا بۆ "رووداو" زێباری لە رەوتی وەڵامدانەوەكانیدا بەبێ‌ ئەوەی بەخۆی بزانێ‌، هەموو رەخنەكانی ناو راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانی پشت راست كردەوە. دانی بەوەدا ناوە كە حكومەتی هەرێم دەستی بەسەر زەویی مەسیحییەكانی عەنكاوەدا گرتووەو فڕۆكەخانەی لەسەر دروست كردووەو هێشتا قەرەبوی نەكردونەتەوە. لێدوانەكە لە كاتێكدا كە راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان بە "ناواقیعی" ناو دەبات، دان بەوەدا دەنێ‌ كە لە سەرجەمی 223 كەس كە مافی قەرەبوكردنەوەیان هەیە، تەنها 40 كەس قەرەبوو كراونەتەوە كە دەكاتە 18% ی سەرجەمی ئەوانەی كە مافی قەرەبوكردنەوەیان هەیە.
لەمەوبەر لیژنەی فەتوا لە هەرێمی كوردستان لە هەوڵێكی جوامێرانەدا بۆ تۆكمەكردنی گیانی برایەتی ‌و تەبایی لە نێوان موسڵمان ‌و مەسیحییەكاندا فەتوای دەركرد كە بە زۆر داگیركردنی زەوی ‌و زاری مەسیحییەكان حەرامە. بێگومان خودی فەتواكە رەنگدانەوەی واقیعە. مەسەلەكە زەیرەكیی ناوێ‌. فەتواكە بەڵگەی ئەوەیە كە زەوی ‌و زاری مەسیحییەكان داگیر دەكرێ‌. راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە مەسیحییە گرفتارەكان بۆ بەدەست هێنانەوەی مافەكانیان، هانایان بۆ دادگاكان بردووەو سكاڵایان تۆمار كردووە. لیژنەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان دان بەوەدا دەنێ‌ كە سكاڵا لە دادگاكان تۆمار كراوە بەڵام هەوڵ دەدا كێشەكە بچوك بكاتەوەو دەڵی ژمارەی سكاڵا تۆماركراوەكان  "زۆر كەمە" ‌و پاشان حكومەتی هەرێم لە مەسەلەكە دەردێنێ‌ ‌و دەڵێ‌ سكاڵاكان لە دادگا گیریان خواردووەو" حكومەتی هەرێمی لەم بارەیەوە هیچی پێ‌ ناكرێ‌ چونكە دەسەڵاتی دادوەری دەسەڵاتێكی سەربەخۆیە". لە بەرپەرچدانەوی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكاندا، لیژنەی وەڵامدانەوەی راپۆرتەكان جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە 127 كەنیسەو 37 زیارەتگاری ئاینی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە. بەڵام ئەمە هیچ ناگەیەنێ‌. بونی كەنیسە بەڵگەی ئەوە نیە كە دەست بەسەر زەوی ‌و زاری مەسیحییەكاندا ناگیرێ‌. لیژنەكە داننانی حكومەتی هەرێم بە جەژنی مەسیحییەكان ‌و كردنی بە پشوی فەرمی، وەك نیشانەی لێبوردەیی حكومەتی هەرێم دەناسێنێ‌. بە دڵنیاییەوە ئەمە وایە. حكومەتی هەرێم لەم خاڵەدا زۆر لێبوردەیەو هەموشمان شانازی بەو لێبوردەییەوە دەكەین. بەڵام كردنی جەژنی مەسیحییەكان بە پشووی فەرمی رێ‌ لە داگیركردنی زەوی ‌و زاریان ناگرێ‌. ئاشكراشە كە داننانی رژێمی پێشوو بە جەژنی نەورۆزدا وەك جەژنی نەتەوەیی كورد، نەبۆتە مایەی رێگرتن لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی بۆ لەناوبردنی كورد.
پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێم راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان زۆر بە هەند وەرگرێ‌ ‌و هەموو رێوشوێنێكی پێویست بۆ رێگرتن لە تەنگ هەڵچنین بە مەسیحییەكانی كوردستان بگرێتە بەر. رەتكردنەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێ‌. سەقامگیركردنی پێكەوە ژیانی برایانەی نێوان موسڵمانان ‌و مەسیحییەكان لە هەرێمی كوردستان بە وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان نایەتە دی، بە هەنگاوی كاراو راستەقینە بۆ راگرتنی پێشێلكاریی دژ بە مەسیحییەكان دێتە دی.
Print