Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
بەسرە لە خۆپیشاندانەوە بۆ كردنەوەی دەرگای گۆڕانكاری

فەرید ئەسەسەرد
بەسرە لە خۆپیشاندانەوە بۆ كردنەوەی دەرگای گۆڕانكاری

نوسینی: فەرید ئەسەسەرد

بزوتنەوەی ناڕەزایی بەسرە پەیامی خۆی گەیاندە بەغداو هەموو عیراقی هەژاند. هەرچەند بزوتنەوەكە زێدەڕۆیی لە توندوتیژی كردووە، بەڵام رەوشەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكا كە ئەستەمە بزوتنەوەكە تەنها وەك جموجوڵێكی توندوتیژ ‌و ناڕازی بۆ دەربڕینی بێزاری لە ئاستی خراپی خزمەتگوزارییەكان بمێنێتەوە. ئەوەی زۆرتر رێی تێدەچێ‌ ئەوەیە كە رووداوەكانی بەسرە لێكەوتەو ئاكامی قووڵ بە دوای خۆیاندا بێنن ‌و رێ‌ بۆ گۆڕانكاری خۆش بكەن.
دیارە یەكەم ‌و كاریگەرترین لێكەوتەی خۆپیشاندانەكان، ریسواكردنی خودی عەبادی ‌و ئاشكراكردنی بودەڵەیی حكومەتەكەیەتی. عەبادی بەرپرسی یەكەمە لە گەیشتنی رەوشی بەسرە بەو ئاستە خراپەی كە بۆتە مایەی هەڵایسانی خۆپیشاندانی توندوتیژ. هۆی سەرەكیی هەڵایسانی خۆپیشاندانەكان، شكستی عەبادییە لە دابینكردنی خزمەتگوزاریی گشتی. پاش سەندنەوەی موسل ‌و تێكشكاندنی داعش، عەبادی وەك سەركردەیەكی سەركەوتوو ‌و براوەی جەنگ خۆی نیشانداو بە شێنەیی ‌و بەوپەڕی متمانەوە خۆی بۆ خولی دووەمی سەرەك وەزیران ئامادە كرد. بەڵام لە مەیدانی بنیاتنان ‌و خزمەتگوزاریدا هیچی پێشكەش بە هاووڵاتییەكانی نەكرد. ئەمەش نەیارەكانی هاندا خۆپیشاندانەكانی بەسرە بۆ سەلماندنی شكستی عەبادی بقۆزنەوە. هادی عامری هەلەكەی لە دەست نەداو داوای دەستلەكاركێشانەوەی عەبادیی كرد. دوای ئەو، قەیس خەزعەلی سكرتێری عەسائیبی ئەهلی هەق وتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ عەبادی گەیشتوون بە بنبەست. ئەویش داوای لێ‌ كرد دەست لەكار بكێشێتەوە. بەڵام لەهەمووی ناخۆشتر بۆ عەبادی ئەوەیە كە موقتەدا سەدریش داویەتییە پاڵ ئەوانەی كە داوای دەست لەكار كێشانەوەیان لێ‌ كردووە.
بەپێی ئەم پێشهاتانە، دەردەكەوێ‌ كە عەبادی چانسی گەڕانەوەی بۆ پۆستی سەرەك وەزیران لە جاران كەمتر بووە، بە ڕادەیەك كە پێناچێ‌ دۆستە ئەمریكییەكانیشی وەكو جاران پێداگری لەسەر ئەوە بكەن كە پۆستی سەرەك وەزیرانی وەرگرێتەوە. لەگەڵ كەمبونەوەی چانسی عەبادی، هیچ سەركردەیەكی دیكەی حزبی دەعوە چانسێكی بەهێزتری بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرەك وەزیران نابێ‌. ئەمەش خۆی لە خۆیدا پێشهاتێكی گرنگە كە عیراق هێورتر دەكاتەوەو دەیگوازێتەوە بۆ قۆناغی پوكانەوەی دەسەڵاتی حزبی دەعوە.
لەلایەكی ترەوە، رەنگە خۆپیشاندانەكانی بەسرە گۆڕو تینێكی زۆرتر بە پڕۆژەی هەرێمی بەسرە ببەخشن، بە تایبەتی كە لەم هەلومەرجەی ئێستادا هاووڵاتیانی بەسرە ئامادەترن بۆ پەسندكردنی پڕۆژەی پێكهێنانی هەرێمی بەسرە. ئەگەر بەسرە بەرەو پێكهێنانی هەرێم هەنگاو بنێ‌، دەرگای بە هەرێمكردنی پارێزگاكانی تر دەكرێتەوەو دور نییە لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا چەند پارێزگایەكی شیعی، هەروەها سوننی، هەرێم پێك بهێنن.
بزوتنەوەی ناڕەزایی بەسرە فاكتەرێكی كارا دەبێ‌ لە هاندانی بەسرە بۆ بەدەستهێنانەوەی رۆڵی پێشڕەوایەتی وەك گەورەترین سێیەم شاری عیراق ‌و وەك بەرهەمهێنەری نەوت ‌و پایتەختی ئابوریی عیراق. دەستەبژێری سیاسی و رۆشنبیری بەسرە دەتوانێ‌ پێگەیەكی سیاسیی گەورەتر بۆ بەسرە لە سیاسەتی عیراقدا دابین بكات.
بەدڵنیاییەوە بەسرەی پاش خۆپیشاندانەكان بەسرەیەكی تەواو جیاواز دەبێ‌ ‌و ئەوەی لێ‌ چاوەڕوان دەكرێ‌ كە وەك یاریكەرێكی كاراترو دینامیكتر هەڵسوكەوت بكات. بەسرە لەناو شارەكانی باشوردا لێی دەوەشێتەوە ببێ‌ بە سەنتەری جەمسەرێكی كاریگەریی عیراق، بە تایبەتی كە بەسرە لە هەموو شارەكانی دیكەی باشوری عیراق سكولارترەو لە هەمویان زیاتر لەگەڵ كۆمەڵگاكانی كەنداو تێكهەڵكێشترەو بەپێچەوانەی  هەموو شارەكانی عیراقەوە كەلتورێكی كیشوەری- دەریایی هەیە.
بەسرە هەمیشە لە عیراق جیاواز بووە. هەر لەوێش خوێندنگە فەلسەفییەكانی موعتەزیلەو ئیخوانی سەفا پەیدا بوون كە تێڕوانینێكی ژیرانەیان بۆ دەقە پیرۆزەكان هەبوە. بەسرە تەنانەت لە رێزمانی عەرەبیش خوێندنگەی تایبەتی خۆی هەبوەو لەم بوارەدا هەمیشە لە كێبڕكێ‌ دا بووە لەگەڵ خوێندنگەی كوفە.
لە سەردەمی عوسمانییەكانیش تایبەتمەندیی خۆی هەبوەو سەر بە بەغدا نەبوە، تەنانەت لە سەدەی هەژدەهەمدا بازرگانیی لەگەڵ بریتانیا ‌و فەرەنسا ‌و هۆلاندا هەبوە. بەسرە لە كاتی دامەزراندنی دەوڵەتی عیراقدا، كاندیدی بۆ پاشایەتیی عیراق هەبوو كە تالیب نەقیبە، بەڵام ئینگلیزەكان رەتیان كردەوە چونكە كاندیدێكی لاوازو دەستەمۆ گوێڕایەڵیان دەویست. بۆیە لە عیراق دوریان خستەوەو تەنها لە ساڵی 1925 دا رێیان پێ‌ بدا بگەڕێتەوە.
ئەم پێشینەیە بەسرە بۆ رۆڵێكی گەورە لە ئایندەی نزیكدا ئامادە دەكا. بەدڵنیاییەوە بەسرە شایستەی ئەو رۆڵەیە.
Print