ئاماژەكانی پشت ئاگربڕەكەی باكووری رۆژهەڵاتی سوریا
ئاماژەكانی پشت ئاگربڕەكەی باكووری رۆژهەڵاتی سوریا

نوسینی: فەرید ئەسەسەرد


رێككەوتنی ئاگربڕ لە باكووری رۆژهەڵاتی سوریا لە نێوان ئەمریكا و توركیا، ئەو دەرفەتەی بە سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ دا، كە خۆی وا نیشان بدا زۆر بە تەنگ راگرتنی شەڕەكەوەیە و كار بۆ چەسپاندنی ئاشتی دەكا، بەڵام ئەمە بەم واتایە نایەت كە ئەمریكا بەرپرس نییە لە هەڵایسانی شەڕەكە، چونكە كشانەوەی ئاشكرای لە سوریا و هەڵكردنی گڵۆپی سەوز بۆ توركیا بۆ هێرش كردنە سەر كورد، هەر ئەم واتایەی لێ‌ هەڵدەكڕێندرێ‌ كە ترەمپ رێی داوە توركیا هێرش بكاتە سەر هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە شەڕی دژی داعشدا. ئاشكراشە كە ترەمپ بە هێنانە كایەی ئاگربڕێكی پێنج رۆژە، ئابڕووی تكاوی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكای پێ‌ چارەسەر نەكراوە. لە تەرازوودا، لە كەیسی ئاگربڕەكەدا تای تەرازووی ئەردۆغان لەوەی ترەمپ قورسترە.
یەكەم، لەبەر ئەوەی ئاگربڕەكە زۆر كورتە و بەكردەوە هەندێ‌ شوێن ئاگربڕی هەر بە خۆیەوە نەدیوە.
دووەم، ترەمپ بەر لەوەی رەزامەندیی ئاگربڕ بەدەست بێنێ‌، لە میدیاكاندا مەرایی بۆ ئەردۆغان كرد، هێرشی كردە سەر پەكەكە و بە مەترسیدارتر لە داعش ناساندی. تێترنجاندنی ناوی پەكەكە لە مەسەلەیەكدا كە لە بنەڕەتدا پەیوەندیی بە پەكەكەوە نییە، هەر ئەوەی لێ‌ هەڵدەهێنجرێ‌ كە ترەمپ ویستویەتی هاوسۆزیی خۆی بۆ ئەردۆغان دەربڕێ‌، تەنانەت ئەگەر بە زێدەڕۆییش بێ‌، چونكە فاكتەكان بوار نادەن مەترسیی پەكەكە لەسەر توركیا لەگەڵ مەترسیی داعش لەسەر جیهان بەراورد بكرێ‌.
سێیەم، لە كاتی دانوستانەكەدا شاندی ئەمریكا بەڵێنێ‌ داوە ئەگەر توركیا بە ئاگربڕ رازی بێ‌، سزا ئابوورییە سەپێنراوەكانی لەسەر لادەبرێ‌، هەر واش كرا.
چوارەم، ئاگربڕەكە رێخۆشكەر نییە بۆ كشانەوەی هێزەكانی توركیا لە باكووری سوریا، بۆیە لەم بوارەدا توركیا هیچی نەدۆڕاندووە، ئەمریكاش هیچی قازانج نەكردووە.
پێنجەم، لە دانوستانەكەدا شاندی ئەمریكا دژی هەوڵەكانی توركیا بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام نەوەستاوەتەوە، بەڵكو پشتگیریی كردووە و لە هەمان كاتدا بەڵێنی داوە كە فشار لە هێزەكانی سوریای دیموكرات بكات تاكو بەبێ‌ شەڕ ناوچەكانی سەر سنوور چۆڵ بكەن، بۆ ئەوەی توركیا بەبێ‌ شەڕ دەستیان بەسەردا بگرێ‌. ئەمەش بەم واتایە دێت كە هیچ گۆڕانێك بەسەر پلانەكانی توركیادا نەهاتووە. بەڵام هەردوولا، ئەمریكا و توركیا، لە رێككەوتنی ئاگربڕدا ئەوەیان لەبەرچاو نەگرتووە كە سنووری توركیا- سوریا وەك چەند رۆژێك لەمەوبەر نەماوە، چونكە لە بەشێكی ئەو سنوورەدا هێزەكانی رژێمی سوریا، بە رێككەوتن لەگەڵ كورد، جێگیر كراون، كە ئەمەش دروستكردنی ناوچەی ئارام بە درێژایی سنووری فەرمی، بەو چەشنەی توركیا بیری لێ‌ دەكاتەوە، ئاڵۆز دەكا و هەندێ‌ تەگەرەی دێنێتە بەردەم.
لە سەرێكی ترەوە، هەڵپەی ترەمپ بۆ ئاگربڕ، دەشێ‌ پەیوەندیی بەو كۆبوونەوەیەوە هەبێ‌ كە نیاز وایە سبەی سێشەممە لە سووچی لە نێوان سەرۆكی روسیا پوتین و سەرۆكی توركیا ئەردۆغان بكرێ‌. بەپێی ئەو زانیارییانەی لەم رووەوە لەبەر دەستدان، پوتین خوازیارە لەو كۆبوونەوەیەدا پێشنیاری رێككەوتنی ئاشتی بكا لە نێوان سوریا و توركیا بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكانی نێوانیان. بە دڵنیاییەوە، ئەگەر پوتین لەم هەوڵەی سەركەوتوو بێ‌، پێگەی روسیا لە ناوچەكەدا زۆر پتەوتر دەبێ‌ و روسیا وەك دروستكەری ئاشتی و ئەمریكا وەك بەزیو دەردەكەوێ‌. بۆیە دەشێ‌ هەڵپەی ترەمپ پەیوەندیی بەم پرۆژەیەی روسیاوە هەبێ‌ و ئامانجە سەرەكییەكەی هاندانی ئەردۆغان بێ‌ بۆ پەلە نەكردن لە پشتگیریكردنی ئۆفەرەكەی روسیا.
هەر چەند پێناچێ‌ توركیا هێشتا بۆ ئاشتبوونەوەی تەواو لەگەڵ سوریا ساز و ئامادە بێ‌، بەڵام دەشێ‌ هۆی تریش وا لە توركیا بكەن بە دەم پرۆژەكەی روسیاوە نەچێ‌، لانی كەم لەو روانگەیەوە كە پرۆژەكە توركیا ناچار دەكا دەست لە پشتگیری كردنی هەموو گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا هەڵگرێ‌ و كۆتایی بە بیردۆزەی عوسمانیزمی نوێ‌ بهێنێ‌.
لە گەڕانەوەدا بۆ مەسەلەی پەكەكە، ترس لەوە هەیە كە بەراوردەكەی ترەمپ لە نێوان پەكەكە و داعش، گڵۆپی سەوزی تری ئەمریكا بێ‌ بۆ توركیا بۆ هێرش كردنە سەر بنكەكانی پەكەكە لە عیراق، بەتایبەتی لە قەندیل و شنگال و پەیامەكە بەم جۆرە بێ‌ كە پاش دروستكردنی ناوچەی ئارام لە سوریا (هەروەها پاش رەتكردنەوەی پرۆژەكەی روسیا سەبارەت بە ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئەسەد)، ئەمریكا لاریی نییە لە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی فراوان دژی پەكەكە لە ناو خاكی عیراق. ئەم مەسەلەیە بە دوور نازانرێ‌، چونكە ئەمریكای سەردەمی ترەمپ، پاش دەست هەڵگرتنی لە هەموو بەها جوانەكانی، هەموو شتێكی لێ‌ دەوەشێتەوە.
Sunday, October 27, 2019
print Print