Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
توركیاو هەڵپەی هەڵبژاردنی پێشوەخت

فەرید ئەسەسەرد

توركیاو هەڵپەی هەڵبژاردنی پێشوەخت

نوسینی: فەرید ئەسەسەرد

لە توركیا بڕیار درا دوو مانگی تر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ‌و پەرلەمان ئەنجام بدرێ‌. ئەم بڕیارەی ئەردۆغان زۆر لێكدانەوەی بۆ كرا. بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەی كە باوە، بڕیارەكە پێشبینیكراو بوو. ئەوەی كە لە بڕیارەكە پێشبینی نەكرا بوو، ئەوەیە كە هەڵبژاردن دوو مانگی تر بەڕێوە بچێ‌. هەڵبژاردن نزیكەی ساڵ ‌و نیوێكی ماوە، بۆیە پێشبینی دەكرا ساڵێك پێش بخرێ‌ ‌و لە كۆتایی ئەمساڵ ئەنجام بدرێ‌.
شرۆڤەكارانی تورك سەریان لە بڕیارەكە سوور ماوە. شرۆڤەكاری سیاسی محەمەد زاهید گول كە لەسەر پارتی دەسەڵاتدار حیساب دەكرێ‌، كاتێك پرسیاری لێ‌ كرا هۆی پێشخستنی كاتی هەڵبژاردن چیە، وەڵامی پێ‌ نەبوو. وتی توركیا "لە دۆخێكی نائاساییدایە" و پێویستی بە هەڵبژاردنێكی پێشوەختە، بەڵام مانای دۆخی نائاسایی روون نەكردەوە. لەتوركیا ئەردۆغان دەسەڵاتی تەواوی سەرۆكایەتیی هەیە، حزبەكەشی بە هاوكاریی مەهەپە هەژمونی بەسەر پەرلەماندا سەپاندووە، دامەزراوەی سوپاش كۆنترۆڵ كراوە ‌و ئۆپۆزیسیۆنیش مایەی مەترسی نییە. بۆیە پرسیارەكە ئەوەیە: لەدۆخێكی وا دا چ پێویست بە هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكا؟ دەكرێ‌ بەمجۆرە وەڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوە كە توركیا نیگەرانە لە پێشهاتەكانی ئایندەو حزبی دەسەڵاتدار دڵنیا نییە لە كونترۆڵ كردنی رەوتی روداوەكان تا كۆتایی ساڵی 2019، بۆیە بە گونجاوی زانیوە هانا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت ببا، بەتایبەتی كە لەم ماوەیەدا سەركەوتنی توركیا لە عەفرین كێرڤی حزبی دەسەڵاتدارو خودی ئەردۆغانی بەرز كردۆتەوەو گەرەنتییەك نیە كە ئەم كێرڤە تا كۆتایی ساڵی 2019 بە بەرزی بمێنێتەوە.
 توركیا لە چی نیگەرانە؟ ئەوەی زۆرتر رێی تێدەچێ‌ ئەوەیە كە توركیا لە دوو مەسەلە نیگەرانە. یەكێكیان پەیوەندیی بە دۆخی سوریاوە هەیە. لە مەسەلەی سوریا، توركیا هاوپەیمانی روسیا و ئێرانە. بەڵام مەسەلەی سوریا خەریكە بە قازانجی رژێمی ئەسەد كۆتایی دێت، بەتایبەتی لەو رووەوە كە رژێمی ئەسەد خەریكە ناوچە دوای ناوچە لە هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن پاك دەكاتەوە. ئەمەش وا دەكا كارتی ئۆپۆزیسیۆن كە بارەگاكەی لە ئەستەمبولە بسوتێ‌. هەروەها توركیا خەریكە گومان لە بەردەوامبونی هاوپەیمانی لەگەڵ روسیا پەیدا دەكا. سەرەتای گومانەكەش لەوە دەستی پێ‌ كردووە كە روسیا دەیەوێ‌ توركیا عەفرین رادەستی هێزەكانی رژێمی ئەسەد بكاتەوە. لەلایەكی ترەوە، توركیا دڵنیایە كە ئەمریكییەكان ‌و فەرەنسییەكان نایەڵن بچێتە ناو منبج، هەروەك دەشزانێ‌ ئەمریكییەكان داوایان لە سعودیە و ئوردون و میسر كردووە هێز بۆ باكوری سوریا بنێرن.
نیگەرانیی توركیا بەخۆڕایی نییە. لێدوانی ئەم دواییەی جێگری وەزیری دەوەرەی روسیا سێرگی ریابكۆڤ سەبارەت بە ئەگەری پارچە پارچەبونی سوریا، توركیای تۆقاند چونكە پارچەپارچەبونی سوریا بۆ توركیا كارەساتێكی گەورەیە. پاش ئەم لێدوانە، كاربەدەستانی روس قڕو قپیان لێ‌ كرد. رەنگە هەر ئەوەیان بەلاوە گرنگ بوو بێ‌ كە پەیامێك بگەیەنن بە ئەنكەرە. هەر لەم چوارچێوەیەشدا رۆژنامەی "سڤۆبۆدنایا پریسا" ی روسی لە وتارێكدا كە زائور كارایێڤ نوسیویەتی ئاماژەی بەوە داوە كە ئەگەر شەڕ لەنێوان روسیاو رۆژئاوا بەرپا بێ‌، توركیا پشتگیریی رۆژئاوا دەكا. ئەم جۆرە وتارانە رەنگدانەوەی  كەش ‌و هەوایەكی پر گومان و دڕدۆنگین لە نێوان روسیاو توركیاو رەنگە ئەو گومان ‌و دڕدۆنگییە لە داهاتوودا پەرە بسێنێ‌.
ئەمە رونی دەكاتەوە كە ئەنكەرە لە پێشهاتەكانی داهاتوی مەسەلەی سوریا نیگەرانە و پێی وایە رەنگە توركیا بە دەستبەتاڵی لە مەسەلەكە دەرچێ‌، یاخود هیچ حیسابێك بۆ بەرژەوەندییەكانی نەكرێت. ئەگەر رەوتی روداوەكان بەم ئاراستەیەدا بچێ‌، حزبی دەسەڵاتدار جەماوەری خۆی لەدەست دەداو لە هەڵبژاردن دەشكێ‌.
مەسەلەی دووەم كە توركیا زۆر لێی نیگەرانە، مەسەلەی ئابورییە. دۆخی ئابوریی توركیا بەهۆی دەستێوەردانە سوپاییەكانی توركیا لە عیراق ‌و سوریا، زۆر خراپ لەسەر ئابوری شكاوەتەوە. دۆخی خراپی لیرەی توركیا رەنگدانەوەی باری خراپی ئابورییەكەیەتی. بەدرێژایی زیاد لە دە ساڵ، هیچ كات بە قەد ئێستا، لیرە ئەوەندە بەرامبەر بە دۆلار نەشكاوە. لەماوەی دوو ساڵی رابردوو، لێرە سێیەكی بەهای خۆی لەدەستداو كار گەیشتە ئەو رادەیەی كە بانكی ناوەندی ناچار بێ‌ سنورێك بۆ لەدەستدانی بەهاكە دابنێ‌.
رەنگە حزبی دەسەڵاتدار ترسی ئەوەی لێ‌ نیشتبێ‌ كە لیرە لە داهاتوو رووی لە شكانی تر بێ‌ كە بەدڵنیاییەوە ئەمەش كاریگەریی خراپی لەسەر رێژەی ئەو دەنگانە دەبێ‌ كە حزبی دەسەڵاتدار لە هەڵبژاردندا بەدەستی دێنێ‌. بەڵام دەشێ‌ هەڵبژاردنی پێشوەخت زیانەكە كەم بكاتەوە، بە تایبەتی كە بۆرسەی توركیا نیشانی داوە كە راگەیاندنی بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەخت نەختێك لاسەنگییەكەی كەم كردۆتەوەو وای كردووە دۆلار كەمێك پاشەكشە بكاو لە 4,10 لیرەوە ببێ‌ بە 4,1 لیرە، هەرچەند دەشێ‌ ئەم پاشەكشەیە كاتی بێ‌. گەشبینترین راپرسی كە لایەنگرانی ئەردۆغان بڵاویان كردۆتەوە، نیشانی دەدا كە ئەردۆغان ‌و حزبەكەی رێژەی 55% بەدەست دێنن. سەرەڕای ئەو گەشبینییەی كە هێشتا ماویەتی بچەسپێ‌، بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەخت خۆی لە خۆیدا دەشێ‌ سەركێشییەكی نامسۆگەر بێ‌، چونكە لە دۆخێكی ئاڵۆزی وەك ئەوەی كە توركیا لەسەر ئاستی ناوەوەو دەرەوە پێیدا تێدەپەڕێ‌، بڕیارێكی وەك هەڵبژاردنی پێشوەخت وەك بڕیارێكی چارەنوسسازی لێ‌ دێ‌ كە ئەوەندەی رەنگدانەوەی نیگەرانییە لە ئایندەو لە هەڵبەزو دابەزی سیاسەتی نێودەوڵەتی، ئەوەندە رەنگدانەوەی متمانەو بڕوا بەخۆ نیە.
Print