Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
كێشەی فراكسیۆنە پەرلەمانییە بە ژمارە زۆرەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

فەرید ئەسەسەرد
كێشەی فراكسیۆنە پەرلەمانییە بە ژمارە زۆرەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

نوسینی: فەرید ئەسەسەرد

هەر چوار ساڵ جارێك، ماددەی 76ی دەستوری عیراق ‌و دەستەواژەی "فراكسیۆنە پەرلەمانییە بە ژمارە زۆرەكە" پاش هەر هەڵبژاردنێكی ئەنجومەنی نوێنەران دێتەوە بەر باس. بایەخی ئەم مەسەلەیە لەوە دایە كە فراكسیۆنە پەرلەمانییە بە ژمارە زۆرەكە لە سیستمی سیاسیی عیراقدا بە گرنگترین بنچینەكانی پرۆسەی سیاسی دەژمێردرێ‌ چونكە ئەركی پێكهێنانی حكومەت بەو فراكسیۆنە دەسپێردرێ‌. بەپێی دەستور، فراكسیۆنە پەرلەمانییە بە ژمارە زۆرەكە ئەو فراكسیۆنە نیە كە لە هەڵبژاردندا زۆرینەی دەنگەكانی بەدەست هێناوە، بەڵكو ئەوەیە كە لە لیستەكانی تر دەنگی زۆرتری هێناوە.
بەپێی ئەو شرۆڤەیەی كە دادگای فیدرال لە ساڵی 2010 پێشكەشی كردووەو ئەمڕۆ كاری پێ‌ دەكرێ‌، فراكسیۆنە پەرلەمانییە بە ژمارە زۆرەكە دەشێ‌ ئەو لیستە بێ‌ كە لە هەڵبژاردندا زۆرترین دەنگی بەدەست هێناوەو هەروەها دەشێ‌ ئەو فراكسیۆنە بێ‌ كە پاش هەڵبژاردن ‌و لە یەكگرتنەوەی چەند لیستێك پێك هاتبێ‌. ئەمەش ئەوە بەبیر دێنێتەوە كە لە ساڵی 2010 دا لیستی نیشتمانیی عەللاوی 91 كورسیی بەدەست هێناو دەبوایە پێكهێنانی حكومەتی پێ‌ راسپێردرێ‌، بەڵام لیستی دەوڵەتی یاسا (89 كورسی) ‌و لیستی ئیئتیلافی نیشتمانی (70 كورسی)یەكیان گرتەوەو فراكسیۆنی هاوپەیمانیی نیشتمانییان پێكهێنا كە بووە فراكسیۆنە پەرلەمانییە بە ژمارە زۆرەكە. لە ئەنجامدا عەللاوی مافی پێكهێنانی حكومەتی لێ‌ سەنرایەوەو داوا لە هاوپەیمانیی نیشتمانیی كرا كابینەی تازەی پێك بێنێ‌.
بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەم دواییە، لیستی موقتەدا سەدر زۆرترین كورسیی بەدەست هێناوەو ئەگەر تا یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی تازە، لیستی لەو گەورەتر پەیدا نەبێ‌، كاندیدی لیستی سەدر رادەسپێردرێ‌ حكومەت پێك بێنێ‌.
سەدر سەرودەر لە فڕوفێڵەكانی ماددەی 76 دەردەكا. بۆیە ئەگەر دەستپێشخەری نەكاو هاوپەیمانی لەگەڵ چەند لیستێكی تر دروست نەكا، بە هەمان دەردی عەللاوی دەچێ‌. هەرچەند لیستەكەی سەدر دەبێتە گەورەترین فراكسیۆنی ناو ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام لەناو ئەنجومەنی نوێنەران بە تەنها هیچی پێ‌ ناكرێ‌ چونكە تەنها 16%ی ئەنجومەنی نوێنەران پێكدێنێ‌. ئەمەش هانی دەدا سەرگەرمی دروست كردنی هاوپەیمانییەكی فراوان بێت. سەدر لە دەرەوەو لە ناوخۆدا نەیاری هەیە. ئێرانییەكان پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵدا نیەو ئەمریكییەكانیش لێی نیگەرانن. لەو سەردەمەی كە ئەمریكییەكان لە عیراقدا بون، سەدر لە رێگای سوپای مەهدییەوە تەنگی بە ئەمریكییەكان هەڵچنی بوو ‌و لەو كاتەوە تا ئێستا ناتوانێ‌ ئەمریكییەكان بە دۆست بزانێ‌. ئەمریكییەكانیش لێی رانابینن ئاستی دژایەتی كردنیان كەم بكاتەوە. ئێرانییەكان سەدر بە یاخی ‌و سەركێش دەزانن ‌و پێیان وایە كۆنترۆڵ كردنی كارێكی زەحمەتە، سەرباری ئەوەی كە بە گومانەوە دەڕواننە پەیوەندییەكانی لەگەڵ سعودیە.
لەسایەی دۆخێكی وا دا ئەمریكییەكان ‌و ئێرانییەكان، هەر یەكەیان لە ئاستی خۆیەوە، سەرقاڵی یارمەتیدانی دۆستەكانیانن بۆ دروست كردنی فراكسیۆنە پەرلەمانییە بە ژمارە زۆرەكە پێش یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران.
هەوڵی سەدر بۆ گەیاندنی كاندیدێكی خۆی بۆ پۆستی سەرەك وەزیران، زۆر كێشەی بۆ دروست دەكاو تەگەرە لە دروست كردنی هاوپەیمانییەكی فراوان دەدا. ئەگەر واز لەم هەوڵە نەهێنێ‌، زۆر ئەستەمە بتوانێ‌ هاوپەیمانییەكی بەهێز دروست بكا. ئەگەر سەدر بتوانێ‌ عەبادی بەلای خۆیدا رابكێشێ‌، دەبێ‌ پشتگیریی عەبادی بكا بۆ ئەوەی ببێ‌ بە سەرەك وەزیران. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر پێویستی بە هاوپەیمانی دیكەش دەبێ‌، چونكە خۆی ‌و عەبادی پێكەوە 96 كورسییان لە ئەنجومەنی نوێنەراندا دەبێ‌ كە دەكاتە 28%ی ئەنجومەنی نوێنەران. پێناچێ‌ ئەمریكییەكان دژی ئەم سیناریۆ بن، هەرچەند دەشزانن دۆستەكانیان لەناو كابینەكەدا لە پشتگیری كردنی سیاسەتەكانی ئەمریكادا دەستكراوە نابن، بەڵام لانی كەم دەتوانن لە رێی هاوپەیمانیی سەدرو  عەلاوی ‌و هەندێ‌ لایەنی ترەوە، سنورێك بۆ داشكاندنی عیراق بەلای ئێراندا دابنێن. لە بەرامبەردا، گونجاوترین سیناریۆ كە ئێران هەوڵی بۆ دەدا، دروست كردنی هاوپەیمانییەكی فراوانە لە هادی عامری ‌و عەبادی ‌و مالیكی ‌و حەكیم ‌و هەندێ‌ لایەنی تر كە ژمارەی كورسییەكانی 120 كورسی تێدەپەڕێنێ‌ ‌و لێی رادەبینرێ‌ بتوانێ‌ فراكسیۆنە پەرلەمانییە بە ژمارە زۆرەكە پێك بێنێ‌. مەرجی سەركەوتنی ئەم سیناریۆیە، سپاردنی پێكهێنانی كابینەی نوێیە بە عەبادی. ئەم ئەگەرە لە لای ئەمریكییەكان ئەگەرێكی نمونەیی نیە بەڵام ئەگەر سیناریۆی لەوە چاكتر چنگ نەكەوێ‌، دەشێ‌ پشتگیریی بكەن.
ئەوەی كە ئەمریكیییەكان ‌و ئێرانییەكان لەسەری یەكدەنگن، ئەوەیە كە بوونی سەدر لەناو هاوكێشەكەدا خۆی لە خۆیدا كێشەیە و بونی لەدەرەوەی هاوكێشەكەش كێشەیەكی گەورەترە. لەم نێوانەدا تێڕوانینێكی روونیان نیە.
Print