پەیامەكانی كۆبوونەوەی دراوسێكانی عیراق لە بەغدا
پەیامەكانی كۆبوونەوەی دراوسێكانی عیراق لە بەغدا

نوسینی: فەرید ئەسەسەرد 22/4/2019

پێرێ‌ سەرۆكی پەرلەمانەكانی دەوڵەتانی دراوسێی عیراق لە بەغدا كۆبوونەوە، هەندێ‌ مەسەلەیان تاوتوێ‌ كردو بەیاننامەیەكی هاوبەشیان دەركرد. دەستەواژەی دەوڵەتانی دراوسێی عیراق لە پەیوەندیی نێودەوڵەتیدا دەستەواژەیەكی تازەیە و مێژووی بۆ پاش روخانی رژێمی پێشوو دەگەڕێتەوە. پێشتریش پەرلەمانەكانی درواسێی عیراق لە ساڵی 2010 لە عەممانی پایتەختی ئوردون كۆبوونەتەوەو مەسەلەی ناسەقامگیریی عیراقیان تاوتوێ‌ كردووە. بەڵام ئەمجارە لە بەغدا، لە سایەی سەقامگیریدا كۆبوونەوە.
ناونیشانی "سەقامگیری ‌و پەرەپێدان" كە بەغدا بۆ كۆبوونەوەكەی هەڵبژاردبوو، ئامانجی كۆبوونەوەكەی پێكاوەو پەیامەكەشی بە دراوسێكانی عیراق گەیاندووە كە عیراق سەقامگیرە ‌و بەرەو پەرەپێدان هەنگاو دەنێ‌. بەڵام ئەمە تاكە پەیامی كۆبوونەوەكە نییە. كۆبوونەوەكە لانی كەم سێ‌ پەیامی تری هەیە. یەكەمیان ئەوەیە كە عیراق دەتوانێ‌ كۆكەرەوەی لایەنە ناكۆكەكان بێ‌ ‌و لە هەمان كاتیشدا دۆستایەتیی هەمووان بكات. لە راستیشدا ئەوانەی كە لە كۆبوونەوەكەی بەغدا ئامادە بوون، كۆمەڵێك دەوڵەتن كە ناكۆكیی دژواریان لەگەڵ یەكتریدا هەیەو هیچ ئاماژەیەكیش بۆ نزیكبوونەوەی ئاشتبوونەوەیان نییە. هەر لەم سەروبەندەدا ئێران ‌و سعودیە، توركیاو سعودیە، سوریاو توركیا بە ئاشكرا گرژی بەسەر پەیوەندییەكانیاندا زاڵە، سەرباری ساردو سڕیی ئەم دواییەی پەیوەندییەكانی نێوان سعودیەو ئوردون. بەشداری نەكردنی سەرۆكی پەرلەمانی ئێران عەلی لاریجانی هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێ‌، چونكە ئێران نوێنەری لە كۆبوونەوەكەدا هەبوو. كۆكردنەوەی ئەم هەموو دژانە، خۆی لە خۆیدا سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ دیپلۆماسییەتی عیراق. پەیامی دووەم ئەوەیە كە بەشداریی هەموو دراوسێكانی عیراق لە كۆبوونەوەكەدا، نیشانەی ئەوەیە كە هیچ كامیان نایەوێ‌ عیراق بۆ ئەوانی تر بەجێ بێڵێ‌ ‌و سوورە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا، پەیامی سێیەم ئەوەیە كە عیراق خەریكە رۆڵی جارانی بەدەست دێنێتەوەو لایەنە بەشداربووەكانیش پێشوازی لە عیراقێكی سەقامگیر دەكەن ‌و ئامادەن ببن بە مایەی پتەوكردنی سەقامگیرییەكەی.
بەیاننامەی كۆتایی كۆبوونەوەكە كورت ‌و بێ‌ درێژدادڕی بوو، تێیدا بە روونی جەخت كراوەتە سەر گرنگیی "یەكپارچەیی عیراق" ‌و پشتیوانی كردن لە "یەكپارچەیی خاكەكەی". ئەگەر بەو چاوە سەیری دەستەواژە بەكارهێنراوەكانی ناو بەیاننامەكە نەكەین كە دەستەواژەی كلاسیكین ‌و لە بۆنەكاندا بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی دەوترێنەوە، دەشێ‌ شتێكی وا لەو دەستەواژانە هەڵكڕێنین كە دراوسێكانی عیراق دەرگای بیركردنەوە لە پارچە پارچە كردنی عیراق بە یەكجارەكی دادەخەن ‌و دژی هەر هەوڵێكن بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە. دەشێ‌ پەیامەكە رێك بۆ كورد بێ‌، هەروەها دەشێ‌ بۆ هەندێ‌ لایەنی ناو شیعە ‌و ناو سوننەش بێ‌. هەرچەند لە هەموو كۆبوونەوەكانی لەمەوبەر هەر جەخت كراوەتە سەر یەكپارچەیی خاكی عیراق، بەڵام ئەمە یەكەم جارە دراوسێكانی عیراق لە بەغدا ئەم هەڵوێستە پشت راست بكەنەوە، نەك لە تاران ‌و ئەنكەرە ‌و عەممان.
كۆبوونەوەكە لە هەلومەرجێكدا بەستراوە كە تێیدا زۆربەی دەوڵەتانی ناوچەكە نیگەرانی دایگرتوون، چونكە واشنتن لە كەناڵی جیاجیاوە ئەو پەیامەی گەیاندووە كە كاتی راگەیاندنی" ناواخنی گرێبەستی سەدە" نزیك بۆتەوە.
ئەم پڕۆژەیە كە واشنتن كار بۆ تێپەڕاندنی دەكا، ئەگەر رەزامەندیی لایەنە سەرەكییەكانی لەسەر نەبێ‌، زۆر ئەستەمە سەركەوتوو بێ‌. ئاڵۆزیی پڕۆژەكە لەوەدایە كە نیازی نییە قودسی رۆژهەڵات بداتەوە بە فەلەستینییەكان ‌و جۆلان دەكاتە بەشێكی جیانەكراوەی ئیسرائیل ‌و چارەنووسێكی لێڵ بۆ فەلەستینیەكان دیاری دەكات كە تێیدا دەبێ‌ رازی بن بە یەكگرتنەوە لەگەڵ ئوردون یان بە دەوڵەتێكی بچووكی بێ‌ بەها. هەرچەند كۆبوونەوەكەی بەغدا نەچۆتە سەر تاوتوێ‌ كردنی ئەم پڕۆژەیە، بەڵام تارمایی پڕۆژەكە، چ باس بكرێ‌ ‌و چ باس نەكرێ‌، لە هەموو كۆبوونەوەكاندا دەبینرێ‌. لانی كەم دوو لەو دەوڵەتانەی كە بەشدار بوون لە كۆبوونەوەكەی بەغدا، واتە هەر یەك لە سوریاو ئوردون، پڕۆژەكە راستەوخۆ دەیانگرێتەوە، یەكەمیان بە هۆی بەرزاییەكانی جۆلانەوە ‌و دووەمیان بە هۆی تێكهەڵكێشبوونی لەگەڵ مەسەلەی فەلەستین. لەو لاشەوە باس لەوە دەكرێ‌ كە سعودیە رۆڵێكی لە پڕۆژەكەدا بۆ دیاری كراوە، بەتایبەتی كە پڕۆژەكە بەبێ‌ رەزامەندیی سعودیە، مەحاڵە سەركەوتوو بێ‌.
لە سۆنگەی پێشهاتە سیاسییەكانی ئایندەوە، ناوچەكە پێویستی بە ئەكتیڤ كردنی رۆڵی عیراقە كە 29 ساڵە هیچ رۆڵێكی كاریگەری لە ناوچەكەدا نەگێڕاوە. عیراق خۆیشی مەبەستێتی رۆڵی ئەكتیڤی خۆی بە دەست بهێنێتەوەو نایەوێ‌ لەوە زیاتر لە پەراوێزی رووداوەكاندا بێ‌. ئەمەش بەبێ‌ سەقامگیری لە ناوخۆداو بەبێ‌ پەرەپێدانی هاوسەنگی ‌و هاوكاری كردنی دەوروبەری خۆی نایەتە دی.
Monday, May 6, 2019
print Print