Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
دەستپێكی وەرزێكی تر لە كەیسی جەمال خاشقچی

فەرید ئەسەسەرد
دەستپێكی وەرزێكی تر لە كەیسی جەمال خاشقچی

نوسینی: فەرید ئەسەسەرد

بە درێژایی حەفتا ساڵی رابردوو، هیچ كات بە قەد ئێستا میدیاكانی سعودیە باسی ئەو زوڵم ‌و زۆرەیان نەكردووە كە ئەمڕۆ لە توركیا لە كورد دەكرێ‌. ئەو وتارانەی ئەمڕۆ لە سعودیە لە سەر كوردی توركیا لە میدیاكان بڵاو دەكرێنەوە، گوزارشت لە پشتگیریكردنی مەسەلەی كورد ناكەن، نە لە توركیا نە لە هیچ وڵاتێكی تر. سەدەی رابردوو و هەردوو دەیەی بەرایی ئەم سەدەیە نیشانی دەدەن كە سیاسەتی دەرەوەی سعودیە لە هیچ قۆناغێكدا ئەو نەریتەی تێدا نەچەسپاوە كە مەسەلەی كورد یەكێك لە مەسەلە جێبایەخەكانی ئەم دەوڵەتە بێت.
وروژاندنی رەوشی خراپی كورد لە توركیا لەو ماوەیەدا تەنها بەڵگەی ئەوەیە كە هەوڵەكانی سعودیە بۆ بێدەنگ كردنی توركیاو هاندانی بۆ دەست هەڵگرتن لە كەیسی جەمال خاشقچی، هەر هەمووی شكستی هێناوە. لە كۆنفرانسی "دەستپێشخەریی ئایندەی وەبەرهێنان" كە مانگی رابردوو لە سعودیە بە ناوی كۆنفرانسی بیابان بەسترا، میر محەمەدی كوڕی سەلمان هاواری كرد: "تا مەلیك سەلمان ‌و جێ‌ نشینەكەی ‌و سەرۆك ئەردۆغان مابن، جیهانی ئیسلام هەر بە سەربەرزی دەمێنێتەوە". فڕوفێڵی بەستنەوەی ناوی مەلیك سەلمان ‌و جێ‌ نشینەكەی ‌و ئەرۆدغان بە یەكترییەوە، بەسەر میدیاكاندا تێنەپەڕی ‌و بە دڵنیاییەوە بەسەر ئەردۆغانیشدا تێنەپەڕیوە.
توركیا تاكە لایەنە كە كەیسی خاشقچیی بە زیندوویی هێشتۆتەوەو تا ئێستا هیچ ساتوسەودایەكی لەسەر نەكردووە. ئەمەش سعودییەكانی تەنگاو كردووە، بە تایبەتی پاش سوتانی دوو كارتی گرنگ، یەكێكیان كارتی كۆمەكی دارایی سعودیەیە بۆ توركیاو دووەمیان كارتی ئەمریكایە، كە سعودیە چاوەڕوان بوو كاریگەریی لەسەر خاوكردنەوەی توندیی ئەنكەرە هەبێ‌.
گرنگترین پێشهات لەم بارەیەوە ئەوەیە كە دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا مەسەلەی تێوەگلانی میر محەمەدی لە كوشتنی خاشقچیدا یەكلاكردۆتەوەو ئەمەی بە سەرۆكی ئەمریكا ترەمپ گەیاندووە. رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" ناوەڕۆكی راپۆرتی هەواڵگریی ئەمریكای بڵاوكردۆتەوە.
دزەكردنی راپۆرتەكە بۆ میدیا نیشانەی ئەوەیە كە هەواڵگریی ئەمریكا هەمان رای ترەمپیان نیەو میر محەمەد بە شایستەی ئەوە نازانن كە ئەمریكا پشتی پی ببەستێ‌، ئەوەی كە لە "واشنتۆن پۆست" بڵاوكراوەتەوە، رەنگە رێ‌ بۆ ئەوە خۆش بكات كە ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەبەری هەواڵگری بانگهێشت بكات ‌و داوای بەڵگەكانی لێ‌ بكات، ئەمەش هەڵوێستی ترەمپ زۆر لاواز دەكا.
بەڵام ئەمە نیوەی چیرۆكەكەیە، نیوەكەی تر ئەوەیە كە هەواڵگریی ئەمریكا بۆی دەركەوتووە كە باڵیۆزی سعودیە لە واشنتۆن پێشتر بە مۆبایل قسەی لەگەڵ قاشقچی كردووە، ئەمەش ئەو گومانەی لەسەر دروست دەكا كە رەنگە دەستی لە سازكردنی تەڵەكەدا هەبوو بێ‌. لە مەسەلەیەكی وادا وەزارەتی دەرەوە هیچ رۆڵێكی نابێ‌،  بەڵام باڵیۆز لەسەر خاكی ئەمریكا تێوەگلاوە یاخود گومانی تێوەگلانی لێ‌ دەكرێ‌، بۆیە پۆلیسی فیدرال دەسەڵاتی بەدواداچوونی هەیەو تەنانەت دەسەڵاتی بانگهێشتكردنی باڵیۆزیشی هەیە. ئەوەی كە گومانەكە نزیك دەكاتەوە لە ڕاستی، ئەوەیە كە باڵیۆزی سعودیە لە واشنتۆن خالیدی برای میر محەمەدە.
ئەم هەموو پێشهاتە بەرەی دۆستانی میر محەمەد لە ئەمریكا، لەسەرووی هەموویانەوە ترەمپ، لاواز دەكاو بەرەی نەیارانی میر محەمەد، لەسەرووی هەموویانەوە زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەران ‌و دەزگای هەواڵگری بەهێز دەكات.
بڵاوبوونەوەی هەواڵی تواندنەوەی تەرمی خاشقچی لەناو تێزاب كە هەواڵێكە سەرچاوەكەی توركیایە، كاریگەریی زۆری لەسەر رای گشتیی جیهان ‌و فشارێكی قورسی لەسەر پارێزەرانی میر محەمەد دروست كردووە.
جیهان خەریكە زۆر لەو بۆچوونە نزیك دەبێتەوە كە مانەوەی كەسانی هەڵەشەو كەللەرەق ‌و بوغراو خۆبەزلزان ‌و سەرەڕۆی وەك میر محەمەد لەناوچەیەكدا كە هەر لە بنەڕەتدا پڕ گێرمەو كێشەو تەنگژەیە، یارمەتیی سەقامگیریی ناوچەكە ناداو پاشاگەردانیی زۆرتر دەنێتەوە. دیارە ئەمەش لە بەرژەوەندیی كەیسی خاشقچی دایە.
Print