Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
دۆسێی ئیسلام        ژماره‌ 8
سەروتار : قاعیدە بۆ ئەفغانستان دەگەڕێتەوە

رێكخراوی قاعیدە لەدوای روخانی رژێمی سەدام حوسەینەوە لەعیراق(9)ی نیسانی 2003 لەنێو عێراقدا بەگەرمی كەوتە نواندنی چالاكیو، بۆ ئەمەش لەچەندین لاوە كەسان‌و گروپەكانی سەر بەقاعیدە ئامادەكارییان كرد بەو مەبەستەی لەسەر خاكی عیراقدا چۆك بەئەمریكا دابدەن‌و لەسەر دەستی رێكخراوی قاعیدە ئەمریكا لەعیراقدا شكست بخوات‌و، بەهەمان شێوە ئەو پرۆسە سیاسییەش كە لەعیراقدا پەیدابوو تووشی نوچدان ببێ‌.

ئەگەرچی لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ژمارەیەكی یەكجار زۆر تەقینەوە لەعیراقدا، لەناوچە جیاجیاكاندا ئەنجام دران، هەوڵێكی زۆر درا بۆ ئەوەی شیعەو سوننە بكەن بەگژیەكداو، بەكردەوەش ژمارەیەكی زۆر لەكەسانی بێ‌ گوناهی شیعەو سوننە بوونە قوربانی، بەبێ‌ ئەوەی ئەو بەگژیەكداچوونە شەڕی ناوخۆی سەرتاسەری نێوان هەردوولای لێ بكەوێتەوە. خەڵكێكی زۆر كە بەهەزاران كەس مەزەندە دەكرێت بوون بەقوربانیی تەقینەوەكان، ژمارەیەكی زۆری ژن مێردەكانیان لەدەستداو هەزاران منداڵا باوكیان لەدەستچوو. بۆ ماوەی چەند ساڵێك(زەرقاوی) بوو مێردەزمەی ماڵی عێراقییەكان.. كوشتن‌و بڕین بەبێ‌ هۆ بوون بەشتێكی ئاسایی.. هەموو ئەمانە لەسایەی چالاكیەكانی رێكخراوی قاعیدەدا روویاندا بەو مەبەستەی قاعیدە باری سیاسیی وڵات بشڵەژێنێ‌و پشێوی لەنێو كایە سیاسییەكەدا بنێتەوەو پەكی پڕۆسەی سیاسی لەعیراقدا بخات، بەڵام هەموو ئەمانە رێكخراوی قاعیدەیان نائومێدكردو نەتوانیی درێژە بەكارو چالاكییەكانی بدات، نەیتوانی چۆك بەئەمریكا دابدات‌و، نەپێشی كرا پرۆسەی سیاسی لەعیراقدا شلۆق بكات.

چاودێرانی سیاسی، ئێستا ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە پاشماوەكانی رێكخراوی قاعیدە سەرگەرمی خۆئامادەكردنن بۆ ئەوەی، ئەو توانا كەمەی كەماویانە، بیگوازنەوە بۆ پاكستان‌و ئەفغانستان‌و لەوێ‌ درێژە بەكاروچالاكییەكانیان بدەن، ئەمەش دوای ئەوەی زۆربەی ئەو ناوچانەی لەعیراقدا رێكخراوی قاعیدە تیایدا كاروچالاكیی دەنواند لێیان پاككرانەوەو تەنگیان پێ‌ هەڵچنرا.
لەوەناچێ‌ رێكخراوی قاعیدە بەئاشكرا بیەوێ‌ دان بەشكستی خۆیدا لەعیراق بنێت، لەكاتێكدا چەند ساڵێك پێش ئێستا بەتوندی هەڕەشەی لەدەسەڵاتدارانی عیراق‌و عیراقییەكان دەكردو سوربونی خۆی بۆ وەدەرنانی داگیركەر نیشان دەدا، بەڵام وەك لەواقیعی ئێستادا دەركەوت، مەرامەكەیان نەهاتەدیو شكستیان خوارد.
Print