Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
دۆسێی ئیسلام        ژماره‌ 8
ژنە خۆكوژەكانی قاعیدە

یوسف گۆران

 ماوەیەكە، وردتر لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2007 وە، دیاردەی ژنی خۆكوژ لە كارە تیرۆریستیەكانی قاعیدەی عیراق لە زیادبوندایە، ئەم دیاردەیـــە هەرچەندە تازە نیە بەڵام تەشەنەسەندنی لەم ماوەیە جێ‌ی رامان وپرسیار كردنە.
 لە سەرەتای هاتنی هێزی هاوپەیمانان بۆ عیراق تاكو تەرا چەند كردەوەیەكی خۆكوژی ژنان بەدی كراوە،یەكەم كردەوەی خۆكوژی ژن لە 8 ی نیسانی 2003 دا لە گەرمەی هێرشی لەشكری ئەمریكا بۆ سەر عیراق لە ناوچەی سوێرەی باشوری بەغدا لە لایەن ژنێكی بەعسییەوە ئەنجام درا،بەڵام بەكارهێنانی ژنانی خۆكوژ لە كارە تیرۆریستیەكانی قاعیدە یەكەمین جار لە ئەیلولی 2005 لە ناوچەی تەللەعفەری سەر بەموسڵ ئەنجام درا، ئەم كردەوەیە ئەو كاتە لە لایەن زەرقاوییەوە ستایش كرا.
لەو كاتەوە رۆڵ ورێژەی ژنان لە كارە تیرۆریستیەكانی قاعیدە زۆر كەم بووە، بەپێ‌ ی ئامارێك كە ئەمریكیەكان لە كۆتایی ساڵی پار(2007) بڵاویان كردەوە رێژەی ژنان لە كارە خۆكوژییەكانی قاعیدە لە 2% تێنەپەڕیوە بەڵام ئەم رێژەیە لە كۆتایی ساڵی پارەوە روو لە زیاد بونەو پێدەچێ‌ ئێستا بەكارهێنانی ژنان لە كارە تیرۆریستیە خۆكوژیەكانی قاعیدە یەكێك بێت لە رێوشوێنە نوێكانی كاری قاعیدە لە عیراق.

بەكارهێنانی ژنان لە كارە خۆكوژییەكان دیاردەیەكە دەكرێ‌ چەندین ئاماژە وهۆكاری هەمەجۆری لە پشتەوە بێت. لە بنەڕەتدا ولەروی شەرعییەوە هیچ كاتێك ئایینی ئیسلام بانگەشەی بۆ بەشداریكردنی ژنان لە لەشەڕ دژ بە دوژمنانی نەكردوە،ژنانی موسڵمان لە شەڕەكانی سەرەتای ئیسلام بەشدارییان نەدەكردو كاتێكیش بە شێوەیەكی بەر تەسك بەشدارییان دەكرد تەنها كاری برینپێچی ولۆجستیان دەكرد، بۆیە بەكارهێنانی ژنان لە كارە سەربازییە راستەخۆكان لە روی شەرعییەوە هیچ پاساوێكی نیەو قاعیدەش ناتوانێ‌ داكۆكی لێبكات.
 تاكتیكی بەكاهێنانی ژنان لە كارە خۆكوژییەكان لە عیراقدا پاش لاوازبونی قاعیدەو كەمبونی لایەنگرانی عیراقی وعەرەب بە فراوانی دەستی پێكراوە، رەنگە بەكارهێنانی ئەم رێوشوێنە بۆ سەرانی قاعیدە لە عیراق چەند لایەنەكی قەیرانی ئێستایان چارەسەر بكات.
 دوای كەمبونەوەی ژمارەی لایەنگرانی ئەم رێكخراوە وڕاوەدونانیان لە ناوچەكانی ئەنبارو دیالە ئێستا قاعیدە توشی قەیرانی تەجنیدكردنی ئەندامی نوێ‌ بۆتەوە، بۆ دەرباز بوون لەم حاڵە ناچار پەنا دەباتە بەر بەكاهێنانی گشت تواناكانی بەر دەستی، بۆیە دەبینین لەم ماوەیەدا ئەم رێكخراوە سڵ ناكات لە بەكارهێنانی نەك تەنها ژنان لە كارە تیرۆریستیەكان بەڵكو لە تەنانەت منداڵ و پەككەوتە ونەخۆش بەكار دێنێ‌.

 لایەنێكی تری مەسەلەكە پەیوەستە بە خودی ژنانەوە كە دەتوانن بەبێ‌ پشكنینی ورد زۆر لە بازگەو خاڵە پشكنینەكان ببڕن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە هێزە ئەمنی وعەسكەرییەكانی عیراق رێژەی ژنی تیا كەمەو كەمتریش لە مەیدانی عەمەلیاتی بەكار دەهێنرێن هەروەها شێوەی تایبەتی جلی ژنان بە تایبەتی عەبا كە دەتوانێت زۆر شتی لە ژێردا بشارێتەوە ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە بۆ چی ژنانی قاعیدە ئاسانتر لە پیاوان دەتوانن خاڵەكانی پشكنین ببڕن بێ‌ ئاشكرابوون دەربازیان ببێت.
  لایەنێكی تری مەسەلەی بەكارهێنانی ژنان لە كارە تیرۆریستیە خۆكوژیەكان تایبەتە بە هەوڵی بەرزكردنەوەی ورەی پیاوان و كەسانی تر، ئاشكرایە لە كۆمەڵگا رۆژهەڵاتیەكان مەسایلی ئەخلاقی وپیاوەتی رۆڵێكی فراوان دەگێڕێ‌ زۆرجار رێكخراوەكانی ژنان لە كارە سەربازی وتیرۆریستیەكان بەكار دەهێنن بۆ (ئیحراج) كردنی پیاوان‌و هەوڵی كارتێكردنە سەریان، كاتی خۆی شۆڕشگێرە ڤێتنامییەكان ئەم جۆرە تەكتیكەیان بەكار دەهێنا بۆ كارتێكردنە سەر پیاوان وبەشداریكردنیان لە شەڕ وتیایدا سەركەوتو بوون، پێدەچێ‌ قاعیدەش لە عیراقدا بیەوێ‌ ئەو ئەزمونەی ڤێتنامییەكان دوبارە بكاتەوە.
بەڵام بۆچی ژنان لەم كردەوانە بەشدار دەبن؟ بەپێ‌ ئەو ئامارەی قسەكەری رەسمی لەشكری ئەمریكا لە عیراق (دۆناڵد بیكۆن) بڵاوی كردۆتەوە 70% ئەو ژنانەی كاری تیرۆرستی ئەنجام دەدەن خزمی تیرۆریستەكانن، واتە مێردیان یان باوكیان یان كوڕیان لە گەڵ تیرۆرستان كاردەكەن، بۆیە زۆربەی جار دەكەونە ژێر كاریگەری كەسوكاریان، بەشێكی زۆری ئەم ژنانە لەو كەسانەن كە كوڕانیان یان براكانیان یان مێردەكانیان لە كردەوە تیرۆریستیەكان كوژراون بۆیە لەلایەك بێبڕوایی(یأس) دەیانجوڵێنێ‌ ولە لایەكی تر هەستی تۆڵە سەندنەوە لە بكوژانیان،بە شێوەیە دەبینین تەنانەت لە پرۆسەی خۆتەقاندنەوەشدا ژنان رێوشوێنی كارەكانی پیاوان دەگرنە بەر‌و دەبنە قوربانی بیروباوەڕە تێكدەرەكانی پیاوان.

مەسەلەی كارە خۆكوژییە تیرۆریستیەكانی ژنان پێویستە بەدیدێكی فراوان سەیر بكرێت، بێگومان تیرۆریستان پاش خۆیان دەیان وسەدان خێزانی بێ‌ سەرپەرشتیار بەجێدێڵن، ئەم خێزانانە لە بەر چەندین هۆكار ژینگەیەكی ئامادەی كاری تیرۆرستی بۆ تیرۆریستان فەراهەم دەكەن، بۆیە پێویستە لە سەر حكومەت  لە روی كۆمەڵایەتی وئابورییەوە گرنگی تایبەت بەو خێزانانە بدات و نەیەڵێت ببنە سوتەمەنی بۆ كارێكی تری تیرۆریستی.
لەلایەكی ترەوە پێویستە دامودەزگا ئەمنیەكان رۆڵی زیاتر بە ژنان بدەن لە نێو دەزگا ئەمنیەكان، بەكارهێنانی زیاتری كادری ئەمنی ژن دەتوانێ رۆڵێكی باش بگێڕێت لە چاودێری زیاتری ژنانی تیرۆریست هەروەها دەتوانێت زیاتر لایەنی سایكۆلۆجی وكۆمەڵایەتی ژنە تیرۆریستەكان ئاشكرا بكات و رێوشوێنی وردتر بۆ كەمكردنەوەو چارەسەركردنی ئەم دیاردەیە داڕێژێ‌.  
   
  
 
Print