رەهەندەكانی پەرەپێدان و خزمەتگوزاری لە دروشمەكانی بانگەشەی هەڵبژاردندا
رەهەندەكانی پەرەپێدان و خزمەتگوزاری لە دروشمەكانی بانگەشەی هەڵبژاردندا

نوسینی: فەرید ئەسەسەرد

هاوكات لەگەڵ بانگەشەی هەڵبژاردندا، روپێوێكی دیمۆگرافیی گرنگ لە هەرێمی كوردستان بڵاوكرایەوە كە بە هاوكاریی وەزارەتی پلان دانانی هەرێمی كوردستان ‌و ئاژانسی نێودەوڵەتیی كۆچ و سندوقی دانیشتوانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنجام دراوە. مایەی تێڕامانە كە ئەنجامەكانی روپێوەكە تا ئەندازەیەكی زۆر هاوجوتن لەگەڵ ناوەڕۆكی دروشمە سەرەكییەكەی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە زۆرتر جەخت دەكاتەوە سەر سێ‌ چەمكەكەی ئارامی، هەلی كارو خزمەت. بەكردەوە، كابینەی داهاتوی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێ‌ داتاكانی روپێوەكە بكاتە نەخشە رێگایەك بۆ سیاسەتی پەرەپێدانی چوار ساڵی داهاتوو.
ئەنجامە بڵاوكراوەكان تا رادەیەكی زۆر ئومێد بەخشن، بەرەچاوكردنی ئەوەی كە رەوشەكە پێویستی بە كاركردنێكی زۆرترە بۆ سەقامگیركردنی ناوەڕۆكی ئومێد بەخشییەكە و هەروەها بە ڕەچاوكردنی ئەوەی كە رەوشەكە پێویستی بە گۆڕینی تەواوی سیاسەتە پەیڕەوكراوەكانە، هەروەك پێویستی بە ستراتیجێكی تازەیە بۆ رایی كردنی پرسەكانی خزمەتگوزاری و رێكخستنی كۆمەڵایەتی و چاككردنی بارودۆخی هێزە كارەكەرەكان. گرنگترین خاڵی ئەنجامە راگەیەندراوەكان نیشانی دەدا كە چینی ناوەڕاست لە هەرێمی كوردستان توانای هەڵسانەوەی هەیە ئەگەر حكومەت بتوانێ‌ ستراتیجێكی باشتر پیادە بكات، بەفیڕۆدانی داهاتی گشتی كەم بكاتەوەو بنەمایەكی باش بۆ ئابورییەكی سەقامگیری بەرهەمهێن- خزمەتگوزار دابمەزرێنی.
بەپێی ئەنجامە راگەیەندراوەكان هێزێكی كاری بەتوانا هەیە، بەڵام ئەم توانایە لەبەر كەموكوڕیی سیستمی پەیڕەوكراو سودی لێ‌ وەرنەگیراوەو بەگەڕ نەخراوە. بەهۆی ئەمەوە رێژەی بێكاری لە نێو لاواندا بە بەرزی ماوەتەوە. ئامانجەكان نیشانی دەدەن كە زیاتر لەسەدا 40ی دانیشتوانی هەرێم لەوانەی كە تەمەنیان كەوتۆتە نێوان 15- 64 ساڵ بەشێكی چالاكی هێزی كار پێكدێنن، لەوانە نیوەیان لە كەرتی گشتیدا كار دەكەن. بەڵام لەهەمان كاتدا ئەنجامەكان دەریانخستووە كە نزیكەی 20%ی لاوان لەوانەی كە تەمەنیان كەوتۆتە نێوان 18- 34 ساڵ هیوای چنگ كەوتنی كاریان لەدەستداوە. ئەم رێژەیەش رێژەیەكی گەورەیە و پێویستی بە چارەسەری خێرایە.
هەروەها ئەنجامەكان دەریانخستووە كە داهاتی مانگانەی 87%ی خێزانەكان لە 850 دۆلار كەمترە. ئەمەش بەم مانایە دێت كە یەكێ‌ لە گرنگترین ئەركەكانی كابینەی داهاتوو، كاركردنە بۆ بەرزكردنەوەی ئەو داهاتە لە ساڵی یەكەمدا بۆ لانی كەم 1200 دۆلار و لە ساڵی دووەمدا بۆ 2000 دۆلار، كە ئەمەش بە پلانی رێكوپێك و جێبەجێ‌ كردنی چاكسازیی ریشەیی و پشتگیری كردنی ئابوریی پیشەسازی، كارێكی قورس نابێ‌.
هەروەها ئەنجامەكان نیشانیان داوە كە نێونجی قەوارەی خێزان لە هەرێم پێنج كەسە. دەشێ‌ ئەم نێونجە بە بەراورد لەگەڵ توانای ئابووریی هەرێم و بەرزیی پێداویستییەكانی ژیانی مۆدێرن، پێویستی بە كەمكردنەوە بێ‌ بۆ چوار كەس، بۆیە لە قۆناغی داهاتوودا ئەركە لەسەر حكومەت كە هانا بۆ میكانیزمە هەمەجۆرەكانی هۆشیاركردنەوە ببا بۆ رونكردنەوەی تێڕوانینی خۆی لەم بارەیەوە. ئەمەش خۆی لە خۆیدا بەشێكی سیاسەتی رێكخستنی كۆمەڵایەتی دەبێ‌. بەپێی ئەنجامە راگەیەندراوەكان زۆربەی خێزانەكانی هەرێم خانوی خۆیان هەیەو گوزەرانێكی گونجاویان هەیەو لە ماڵەكانیاندا ئامێرە پێویستەكان و ئاوی پاك بۆ خواردنەوەو كارەبایان هەیە.
بەڵام لە دەرەوەی ئەنجامە راگەیەندراوەكان، ئەمە بەس نیە بۆ هەڵسەنگاندنی گوزەرانی خێزانەكان. بەكردەوە، پێویستە لەسەر حكومەت پلانێكی ستراتیجیی بۆ كەمكردنەوەی هەژاری لە قۆناغی یەكەمدا و بۆ نەهێشتنی هەژاری لە قۆناغی دووەمدا دابنێ‌ و ئاستی گوزەرانی خێزانە كەمدەرامەتەكان بەرز بكاتەوە.
دروشمی "ئارامی، هەلی كار، خزمەت" كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەم بانگەشەیەی هەڵبژاردن بەرزی كردۆتەوە، زۆرتر لەگەڵ چەمكی پەرەپێدانی بەردەوامدا دەسازێ‌ و لە خەم و ئارەزووەكانی هاووڵاتیانەوە نزیكترە. پەیامی دروشمەكەی بانگەشەی یەكێتی ئەوەیە كە سەروەری و سەربڵندیی نیشتمان بە زۆریی ژمارەی سەربازو تفەنگ و تانك پێوانە ناكرێ‌، بەڵكو بە زۆریی ژمارەی هاووڵاتیانی بەختەوەرو كاركەرو بەرهەمێن و داهێنەر پێوانە دەكرێ‌، چونكە لەگەڵ بوونی هەژاری و بێكاریدا، لەگەڵ بوونی برسێتی و كەمدەرامەتیدا، نیشتمان هیچ مانایەكی نامێنێ‌. نیشتمان بە سەروەری و كاركردن و بەرهەم هێنان ‌و خۆشگوزەرانییەوە نیشتمانە، نەك بە هەر شتێكی تر. 
Tuesday, October 2, 2018
print Print