Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
لە كێشە هەڵپەسێردراوەكانەوە بۆ دایەلۆگی هەڵپەسێردراو

فەرید ئەسەسەرد
لە كێشە هەڵپەسێردراوەكانەوە بۆ دایەلۆگی هەڵپەسێردراو

نوسینی: فەرید ئەسەسەرد

چوارشەممەی رابردوو لە كۆبونەوەی سەرۆكی كۆمار دكتۆر فوئاد مەعسوم لەگەڵ هەردوو جێگرەكەی سەرۆكی كۆمار لە كۆشكی سەلام، داوا كرا "دەستبەجێ‌" دایەلۆگ لە نێوان حكومەتی فیدراڵ ‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرپەرشتیی سەرۆكایەتیی كۆمار و نەتەوە یەكگرتووەكان دەست پێ بكات. پاش كۆبونەوەكەش بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆكایەتیی كۆمار رایگەیاند كە بڕیارەكانی كۆبونەوەكە جێبەجێ‌ دەكرێن.
سەرەڕای ئەوەی كە حكومەتی هەرێم تا ئێستا چەندین جار داوای دایەلۆگی لە بەغدا كردووە، بەڵام بەغدا هێشتا بڕیاری نەداوە دەست بە دایەلۆگ بكات. لەكاتێكدا بەغدا خۆی لە دایەلۆگ دەدزێتەوە، حكومەتی هەرێم زۆر بە پەلەیە بۆ دەست پێكردنی دایەلۆگ. پەلەكردنی حكومەتی هەرێم لە دەست پێكردنی دایەلۆگ هەر بۆ پرۆپاگەندە نییە.
لە راستیدا حكومەتی هەرێم جگە لە بژاردەی دایەلۆگ لەگەڵ بەغدا هیچ بژاردەیەكی دیكەی لە بەردەمدا نەماوە. بەڵام پرسیارەكە ئەو نییە كە حكومەتی هەرێم چەند بە تەنگ دایەلۆگەوەیە لەگەڵ بەغدا، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا دایەلۆگی چاوەڕوانكراو تا چ ئەندازەیەك دەشێت سوودی بۆ هەرێم هەبێ‌ ‌و رۆڵی لە چارەسەركردنی كێشەكاندا هەبێ‌؟
حكومەتی هەرێم سەرەڕای بەردەوامبونی لەسەر بانگهێشت بۆ دایەلۆگ، پێناچێ‌ هیچ ئەجندایەكی روونی بۆ دایەلۆگی سەر مێزی وتووێژ هەبێ‌. لێدوانەكانی ئەم دواییەی بەرپرسانی حكومەتی هەرێم شتێكی وایان لێ‌ هەڵناكڕێندرێ‌، بەڵگەی تێڕوانینێكی رۆشن بێ‌ بۆ پرۆسەی وتووێژ. سەرەڕای ناڕۆشنیی لێدوانەكان، لانی كەم دەتوانرێ‌ چوار بۆچونیان لێ‌ هەڵ بكڕێندرێ‌.
یەكەم، ئەوەیە كە حكومەتی هەرێم خوێندنەوەی خۆی بۆ دەقەكانی دەستوور هەیە كە بە دڵنیاییەوە جیاوازە لە خوێندنەوەی حكومەتی فیدراڵ. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە شاندنی دانوستانكاری هەرێم لە بەغدا هەر سەرقاڵی رونكردنەوەی تێگەیشتنی خۆی دەبێ‌ سەبارەت بە دەقەكانی دەستوور.
لێرە كێشەكە لەوە دایە كە بوونی خوێندنەوەی جیاواز بۆ دەقەكانی دەستوور، تەگەرە لە گەیشتن بە رێككەوتن دەداو رەنگە بشبێ‌ بە مایەی نەگەیشتن بە هیچ رێككەوتنێك. ئەمەش زۆرتر لە قازانجی بەغدایە كە ئێستا پەلەی دایەلۆگی نییە و بە دڵنیاییەوە لەسەر مێزی گفتوگۆش پەلەی رێككەوتنی نابێ‌.
دووەم، ئامادەیی بۆ وتووێژ "لە چوار چێوەی دەستووردا" خاڵێكی باش ‌و كۆكەرەوەیە بەڵام ئەم باشییە بە بوونی لێكدانەوەی جیاواز بۆ دەستوور هیچ بەهایەكی نامێنێ‌ ‌و دەپووكێتەوە، لە هەمان كاتدا كارێكی وا دەكات دەستوور وەك دیكۆمێنتێكی كۆكەرەوە نەمێنێتەوە. ئەمەش خۆی لە خۆیدا دانوستانەكە بنكۆڵ دەكا و زەمینەكەی دەڕوخێنێ‌.
سێیەم، حكومەتی هەرێم پێی باشە وتووێژەكە لە بەردەم لایەنی سێیەم بەڕێوە بچێ‌ و لەم سەروبەندەدا پێی خۆشە لایەنی سێیەم كۆمیسیۆنی یونامیی نەتەوە یەكگرتووەكان بێ‌.
زۆربەی جار داواكردنی لایەنی سێیەم لە دانوستاندا بۆ دوو هۆ دەگەڕێتەوە. یەكێكیان نەبوونی متمانەیە لەنێوان لایەنە دانوستانكارەكان، بۆیە لایەنێك یاخود هەردووكیان بوونی لایەنی سێیەمیان پێ‌ باش دەبێ‌. دووەمیان، دەستەبەركردنی بەجێهێنانی ئەو رێككەوتنەیە كە لایەنە دانوستانكارەكان پێی دەگەن.
لە وتووێژی داهاتوودا داواكانی بەغدا لەداواكانی هەرێم زۆرترن. هەرێم ئەو لایەنەیە كە "دەیبەخشێ‌"، لەكاتێكدا بەغدا ئەو لایەنەیە كە "وەردەگرێ‌". بۆیە تای تەرازووەكە زۆرتر بەلای بەغدادا دادەشكێ‌ نەك بەلای هەرێمدا و بە هۆی ئەمەوە بوونی لایەنی سێیەم وەك لایەنێك كە دەستەبەری جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دەكات، ئەوەندەی كە لەبەرژەوەندیی حكومەتی فیدراڵ دایە، ئەوەندە لە بەرژەوەندیی حكومەتی هەرێمدا نییە و لەم سۆنگەیەوە حكومەتی فیدراڵ ئەو لایەنە نابێ‌ كە خۆی لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بدزێتەوە.
چوارەم، هێشتا حكومەتی هەرێم خۆی لە دەربڕینی هەڵوێستێكی روون و یەكلاكەرەوە بەرامبەر بە ئەنجامەكانی ریفراندۆم دەدزێتەوە. ئەگەر بەغدا بە هۆی فشارەوە، نەرمی بنوێنێ‌ و لە قۆناغی پێش وتووێژ واز لە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ریفراندۆم بێنێ‌، بە دڵنیاییەوە هەمان نەرمی لەسەر مێزی وتووێژ نانوێنێ‌‌و لەوێ‌ هەر داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم دەكات‌و ئەمەش دەكاتە مەرجی بەردەوامبونی وتووێژەكە. بۆ حكومەتی هەرێم مەسەلەكە مەسەلەی كاتە. ئایا ئێستا، پێش دەستپێكردنی وتووێژ، بۆ حكومەتی هەرێم گونجاوترە، ریفراندۆم هەڵوەشێنێتەوە یاخود پاش دەستپێكردنی دایەلۆگ، لەسەر مێزی وتووێژ، هەڵبوەشێنێتەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دەوەستێتە سەر میتۆدی بیركردنەوەی حكومەتی هەرێم، لەكاتێكدا كە هەردوو رێگا هەر بەرەو هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆمی دەبەن.
ئاڵۆزترین فایلەكانی سەر مێزی وتووێژ لەبەغدا، فایلی نەوتە. ئاڵۆزییەكە لەوە دایە كە بەبێ‌ یەكلاكردنەوەی ئەم فایلە، گەیشتن بەسازان سەبارەت بەرێككەوتنێكی گشتگیرو سەقامگیر زۆر ئەستەمە. جگە لەوەی كە ئەم فایلە خۆی لە خۆیدا ئاڵۆز و تێكچڕژاوە. بەشێكی دیكەی ئاڵۆزییەكە پەیوەندیی بەوەوە هەیە كە نە حكومەتی هەرێم تێڕوانینێكی رونی بۆ شێوەی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم فایلە هەیە، نە حكومەتی فیدراڵ تێڕوانینێكی رونی بۆ چۆنێتیی چارەسەركردنی ئاڵۆزییەكانی ئەم فایلە هەیە، بە تایبەتی كە ئەم فایلە هەم تێكەڵ بە مەسەلەی قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر حكومەتی هەرێم بووە، هەم بە هۆی گرێبەستە واژۆكراوەكانی حكومەتی هەرێم‌و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوتەوە ئاڵۆسكاوتر بووە.
بە هەر حاڵ، وەك پێشتر وترا، جگە لە دایەلۆگ، حكومەتی هەرێم هیچ بژاردەیەكی دیكەی لە بەردەمدا نییە.
Print