Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
ترەمپ و قودس و كردنەوەی دەرگاكانی دۆزەخ

فەرید ئەسەسەرد
ترەمپ و قودس و كردنەوەی دەرگاكانی دۆزەخ

نوسینی: فەرید ئەسەسەرد

یەكەم جار نییە ئەمریكا هەڵە لە لێكدانەوە سیاسییەكانی بكات، بەڵام هەڵەی ئەمجارە وەكو هەڵەكانی پێشوو نابێ‌‌و باجەكەی گەورەتر دەبێ‌.
گواستنەوەو نەگواستنەوەی باڵیۆزخانە بۆ قودس‌و داننان ‌و دان نەنان بە قودس وەك پایتەختی ئیسرائیل، هیچ قازانجێكی بۆ ئەمریكا نییە. بە خۆڕایی وروژاندنی جیهانی عەرەب‌و جیهانی موسڵمان‌و هەنگاونان بەرەو ئاڵۆزكردنی ناوچەكە، بە هەموو پێوەرەكان بە هەڵەیەكی ستراتیجی دادەنرێ‌.
دەبەنگیی ئەم هەنگاوە لەوە دایە كە بۆتە مایەی ناشیرین كردنی چارەی ئەمریكا لە ناوچەكەدا. سەربار، هیچ لایەنێك بە قەد ئێران‌و توركیای نەیارانی ئەمریكا قازانج لەم بڕیارە ناكا و هیچ لایەنێكیش بەقەد میسر و سعودیەی دۆستی ئەمریكا زەرەری لێ‌ ناكا.
پاش دەستبەكاربونی وەك سەرۆكی ئەمریكا، ترەمپ سیاسەتێكی لەسەر بنەمای كاراكردنی رۆڵی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ‌و دژایەتی كردنی ئێران پیادە كرد. بەڵام بڕیارەكەی ئەم دواییەی ترەمپ سەبارەت بە گواستنەوەی باڵیۆزخانە بۆ قودس و داننان بەقودس وەك پایتەختی ئیسرائیل، كاریگەریی زۆر خراپی لەسەر ناوبانگ ‌و دەستڕۆیشتویی ئەمریكا لە ناوچەكە دەبێ‌‌و بەدڵنیاییەوە، ئەگەر خێرا لێی پاشگەز نەبێتەوە، دەبێتە سەرەتای گەورەترین كشانەوەی دەستڕۆیشتویی ئەمریكا لە ناوچەكەدا.
ئیسرائیل لە ساڵی 1980 بە دواوە، قودس بە پایتەختی خۆی دەزانێ‌. ساڵی 1980 كاتێك كنێستی ئیسرائیل یاسای بە پایتەخت ناساندنی قودسی دەركرد، 13 دەوڵەت باڵیۆزخانەیان لە قودس هەبوو. بەڵام ئەنجومەنی ئاسایش بڕیارەكەی ئیسرائیلی رەتكردەوە و داوای لەو دەوڵەتانە كرد كە باڵیۆزخانەیان لە قودس هەیە، باڵیۆزخانەكانیان بگوێزنەوە بۆ شوێنی دیكە. بۆیە دەم ‌و دەست هەر 13 دەوڵەت پابەندی بڕیارەكە بوون‌و  باڵیۆزخانەكانیان بۆ شوێنی تر گواستەوە.
لە ساڵی 1995، پاش 15 ساڵ لە بڕیارەكەی كنێست، كۆنگرێسی ئەمریكا لە یاسایەكدا دانی بەوە دانا كە قودسی پایتەختی ئیسرائیلەو داوای لە حكومەتیش كرد باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس بگوێزێتەوە. بەڵام تەنانەت كۆنگرێسیش كە یاساكەی دەركردووە، پەی بە سەختیی جێبەجێكردنی یاساكەی دەكرد، بۆیە سەرۆكی ئەمریكای سەرپشك كردبوو لە دواخستنی جێبەجێكردنی یاساكە هەر شەش مانگ جارێك. سەرۆكەكانی ئەمریكاش لەوساوە هەر وایان كردووەو هەر شەش مانگ جارێك جێبەجێ‌ كردنەكەیان دواخستووە.
لەم هەلومەرجەی ئێستادا، واشنتۆن خۆیشی بیر لەوە دەكاتەوە كە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی ترەمپ دوا بخات. ئەمەش لەوەدا دەردەكەوێ‌ كە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەیەكی بەوە داوە كە دەشێ‌ گواستنەوەی باڵیۆزخانە بۆ قودس ماوەی دوو ساڵ بخایەنێ‌.
بڕیارەكەی ترەمپ هەرەسی بە سیاسەتی ئەمریكا لە ناوچەكە هێنا. چیتر ئەمریكا ناتوانێ‌ گەلەكۆمەكێ‌ لە دژی ئێران دروست بكاو چیتر ناتوانێ‌ عەرەب بباتە سەر ئەو باوەڕەی كە ئێران نەك ئیسرائیل دوژمنی راستەوخۆیەو هەروەها ناتوانێ‌ بە یارمەتیی دۆستەكانی لە ناوچەكە، فشار لە دژی ئێران زیاد بكاو زۆرتر تەنگی پێ‌ هەڵچنێ‌. هەروەها لە توركیا، ئەردۆغان بە هۆی ئەم بڕیارەوە ناڕەزایی خەڵكی قۆستەوەو خۆی وەك خاوەن پەیام پیشاندا. تەنانەت حزبوڵڵای لوبنانیش، ئێستا وەك جاران، وەك هێزێكی نیشتمانی سەیر دەكرێ‌‌و خەریكە تۆمەتی تایفەگەری‌و دژایەتیكردنی دەوڵەتی لەسەر كاڵ دەبێتەوە.
لە ناو هەموو دۆستەكانی ئەمریكادا، هیچ دەوڵەتێك بەقەد سعودیە بە هۆی بڕیارەكەوە زیانی لێ‌ نەكەوتووە، چونكە دەركەوتووە كە سعودیە پێشوەخت ئاگاداری بڕیارەكە بووە و پشتگیریشی كردووە.
لە ناو سعودیەش زیانلێكەوتوی یەكەم میر محەمەدی كوڕی سەلمانە كە گەورەترین دۆستی ئەمریكایە و وا لە شەقامدا باوە كە زۆر بە گەرم ‌و گوڕی پشتیوانیی لە بڕیارەكەی ترەمپ كردووە.
پێشتریش، وا بڵاو ببۆوە كە میر محەمەد دەستی هەبوە لە هاندانی ئیسرائیل بۆ هێرشكردنە سەر حزبوڵڵای لوبنان و لەگەڵ هەر یەك لە ئەمریكاو ئیسرائیلیش رێك كەوتبوو كەپاش كۆتایی هێنان بە حزبوڵڵای لوبنان، دەست بكەن بە پلانی تەنگ هەڵچنین بە ئێران.
مەحاڵە ئەمریكاو دۆستەكانی لەم قەیرانە بەسەلامەتی دەرچن. بۆیە ئەوپەڕی هەوڵ كە ئەمریكا دەتوانێ‌ بیدا، ئەوەیە كە بە كەمترین زیان لێی دەرچێ‌. بڕیاری گەمژەكان دەرگاكانی دۆزەخ لەسەر گازی پشت دەكەنەوە.
Print