Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
سەرەنجامەكانی ستراتیجی سزا ئابورییەكانی ئەمریكا

فەرید ئەسەسەرد
سەرەنجامەكانی ستراتیجی سزا ئابورییەكانی ئەمریكا

نوسینی: فەرید ئەسەسەرد

ئەمریكییەكان پێیان وایە ستراتیجی سزا ئابورییەكان ستراتیجێكی كارایە و شایستەی ئەوەیە كە ئومێدی بەدی هێنانی ئامانجەكانی لەسەر هەڵچنرێ‌. بەڵام مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم مەسەلەیە بەم رەهاییە دروست نییە و مێژوی پەیوەندییە سیاسییەكان سەركەوتویی ئەم ستراتیجەی بە شێوەیەكی رەها نەسەلماندووە.
ئەزمونەكانی پێشوو نیشانیان داوە كە ستراتیجی سزا ئابورییەكان بەبێ‌ هاوكاریی لایەنەكانی تر ئامانجی خۆی ناپێكێ‌. لە نمونەی سزا ئابورییە سەپێنراوەكانی سەر ئێراندا، ئەمریكا بۆ دەستەبەركردنی ئامانجە خوازراوەكان ناچارە فشار لەسەر لایەنەكانی تر دروست بكا بۆ پابەندبون بە بەرنامەی سزاكان، هەروەك ئەمجارە زێدەڕۆییشی لە سزاكاندا كردووە بە شێوەیەك كە مەحاڵە بەبێ‌ كاردانەوەی توند تێپەڕێ‌.
كێشەكە لەوە دایە كە سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا نەك هەر تەنگ بە ئێران هەڵدەچنێ‌، بەڵكو تەنگ بە ژمارەیەكی زۆری دەوڵەتانیش هەڵدەچنێ‌ كە پێیان وایە سزاكانی ئەمریكا زیان بە ئابورییان دەگەیەنن.
هەر لەم سەروبەندەدا، دەرچونی ئەمریكا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە، كاریگەریی خراپی لەسەر پەیوەندیی لەگەڵ یەكێتیی ئەوروپا بەجێ‌ هێشت. سەپاندنی سزاش بەسەر ئێراندا ئەوروپا و چین ‌و روسیای دژی ئەمریكا یەكخست. راگەیەندراوە هاوبەشە سێقۆڵییەكەی فەرەنساو بریتانیا ‌و ئەڵمانیا، پەیامی ئەوروپای بە روونی بە ئەمریكا گەیاندو نیشانیدا كە سزاكان زیانێكی زۆر لە ئابووریی ئەوروپا دەدەن. ئەگەر ئەم تێڕوانینە بەردەوام بێ‌، دەشێ‌ ئەمە بە سەرەتای لێكترازانی جیهانی رۆژئاوا بژمێردرێ‌. لەم گۆشە نیگایەوە، یوشكا فیشەر وەزیری پێشوی دەرەوەی ئەڵمانیا، پاش سەردانەكەی ترەمپ بۆ ئەوروپا، لە وتارێكدا كە لە سایتی پرۆجێكت سایندیكەیت بڵاوی كردۆتەوە، وتی كە ئەو هیچ گومانی لەوەدا نیە كە ترەمپ ‌و تیمەكەی "خوازیارن سیستمی نێودەوڵەتی ‌و سیستمی بازرگانیی جیهان وێران بكەن". لە هەلومەرجی ئێستادا ئەوروپییەكان سەرقاڵی پاراستنی كۆمپانیاكانن ‌و لەم سەروبەندەدا دەیانەوێ‌ یاسایەكی ساڵی 1996 زیندوو بكەنەوە كە لێناگەڕێ‌ كۆمپانیاكانی ئەوروپا پابەندی سزا ئەمریكییەكان بن.
ئەوروپییەكان دەترسن  سزاكان ببنە مایەی هەڵوەشانەوەی سیستمی نێودەوڵەتی. لەم بارەیەوە رۆژنامەی دەیلی تلگراف لە وتارێكدا بەناونیشانی "كۆتایی سیستمێكی نێودەوڵەتی" زۆر بە قووڵی باسی نیگەرانییەكانی ئەوروپای كردووە. تەنها ناونیشانی وتارەكە بەسە بۆ هەڵسەنگاندنی قەوارەی نیگەرانیی ئەوروپییەكان. وتارەكە بە روونی رایگەیاندووە كە "سیاسەتی ترەمپ وردە وردە ئەو سیستمە نێودەوڵەتییە تەفروتونا دەكا كە لە ساڵی 1945 بەدواوە لە ئارا دایە"
ئەگەر ئەوروپییەكان لەوە دڵنیا بن كە جیهانی رۆژئاوا بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێ‌، رەنگە بگەڕێنەوە سەر سیاسەتی سەرۆك ‌و دامەزرێنەری كۆماری پێنجەمی فەرەنسا جەنرال چارل دیگۆل كە لە شەستەكانی سەدەی رابردودا كاری بۆ رزگاركردنی ئەوروپا لە هەژمونی ئەمریكا كردووەو پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ مۆسكۆو تەواوی بلۆكی رۆژهەڵات بەهێز كردووە، بەتایبەتی كە كەش ‌و هەوای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی ئەمڕۆی ئەوروپا زۆر لە كەشوهەوای پەیوەندییە نێودەوڵەتییە زاڵەكانی سەردەمی جەنرال دیگۆلەوە نزیكە.
گومان لەوەدا نیە كە سزا سەپێنراوەكانی ئەمریكا كاریگەرییان لەسەر ئێران دەبێ‌، بەڵام ئێران لانی كەم ئەزمونی پێنج ساڵ بەرپەرچدانەوەی سزاكانی هەیە، جگە لەوەی كە روسیاو چینیش بەرژەوەندییان لەوەدا نییە كە ئەمریكا هەموو ئامانجەكانی خۆی لە رێی سەپاندنی سزاكانەوە بەدی بێنێ‌.
ژیان لە سایەی سزا ئابورییەكان ئاسان نییە، بەڵام بەكردەوە هیچ بەڵگەیەك لەسەر ئەوە نیە كە سزا ئابورییەكان رژێمە سیاسییەكانیان پێ‌ دەگۆڕدرێ‌. لە نمونەی عیراقدا، سزا نێودەوڵەتییەكان بۆ ماوەی 13 ساڵ تەنگیان بە عیراقییەكان هەڵچنی ‌و رژێمی عیراقیان لاواز كرد، بەڵام لە بەرەنجامی كۆتاییدا سزا نێودەوڵەتییەكان رژێمی سیاسیی عیراقیان نەڕوخاند و بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئەمریكا لە ساڵی 2003 دا جەنگی لە دژی رژێمی پێشوو هەڵنەگیرساندایە، ئەو رژێمە تا ئەمڕۆ ما بوو.
سزاكانی ئەمریكا كێشەیەكی تریشیان هەیە، ئەویش ئەوەیە كە چاوەڕوان ناكرێ‌ هەموو دراوسێكانی ئێران پابەندی سزاكان بن ‌و پەیوەندییە ئابوورییەكانیان لەگەڵ ئێران بپچڕن، لەوانە هەر سێ‌ دەوڵەتی عیراق ‌و توركیاو پاكستان كە سەرجەمی درێژیی سنوریان لەگەڵ ئێران 2890 كیلۆمەتر تێدەپەڕێنێ‌.
هەموو ئەمە، نیشانی دەدا كە ستراتیجی سزا ئابورییەكان، بەو چەشنەی كە ترەمپ هەوڵی جێبەجێ‌ دەكا، ستراتیجێكی ئاڵۆزەو مایەی هەڕەشەیە بۆ سەر سیستمی نێودەوڵەتی ‌و زۆر كاردانەوەی لێ‌ كەوتۆتەوەو لە ئایندەشدا كاردانەوەی دیكەی لێ‌ دەكەوێتەوە.
Print