Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
كورد لە پێشبڕكێی فراكسیۆنە پەرلەمانییە گەورەكەدا

فەرید ئەسەسەرد
كورد لە پێشبڕكێی فراكسیۆنە پەرلەمانییە گەورەكەدا

نوسینی: فەرید ئەسەسەرد

دەستوری عیراق لە ماددەی 76 دا بایەخێكی زۆری بە پێكهێنانی فراكسیۆنە پەرلەمانییە گەورەكە داوە، چونكە سەرۆكی كۆمار كاندیدی ئەو فراكسیۆنە رادەسپێردرێ‌ كابینەی تازە پێك بێنێ‌. ئەوەندەی مەسەلەكە پەیوەندیی بە كوردەوە هەیە، ئەمە یەكەم جارە كورد هەوڵ بدا بەشدار بێ‌ لە پێكهێنانی فراكسیۆنە گەورەكەدا. لە هەر سێ‌ ئەزمونی پێشووی پێكهێنانی كابینەی تازەدا، كورد لە دەرەوەی پرۆسەی پێكهێنانی فراكسیۆنە پەرلەمانییە گەورەكەدا بووەو هیچ هەوڵێكیش لەلایەن كوردەوە بۆ بەشداری كردن لە پێكهێنانی كابینەی تازەدا نەبووە. بۆیە ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە كە ئایا پێویستە كورد بەشدار بێ‌ لە پێكهێنانی فراكسیۆنە گەورەكەدا؟ ئایا پێكهێنانی ئەو فراكسیۆنە گەورەیە شایستەی ئەم هەموو هەوڵ و رەنجەیە؟ هۆی وروژاندنی ئەم پرسیارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بەشداری و بەشداری نەكردنی كورد لە پێكهێنانی فراكسیۆنە گەورەكەدا هیچ كاریگەریی لەسەر پشكی پۆستەكانی كورد نابێ‌. پشكی كورد بە بەشداری كردن لە فراكسیۆنە گەورەكەدا زیاد نابێ‌، بەشداری نەكردنیشی هیچ لەو پشكە كەم ناكاتەوە.
لە راستیدا فراكسیۆنە گەورەكە هاوپەیمانییەكی كاتییە كە بە راگەیاندنی فراكسیۆنەكە دەست پێدەكاو بە پێكهێنانی كابینەی تازە كۆتایی دێ‌. ئەمەش بەم مانایە دێ‌ كە تەمەنی هاوپەیمانییەكە لە باری ئاساییدا تەنها 30 رۆژەو ئەگەر پرۆسەكە تەگەرەی هاتە بەردەم، رەنگە تەمەنی هاوپەیمانییەكە دوو مانگ بێ‌. پاش پێكهێنانی كابینەی تازە، فراكسیۆنەكە هەڵدەوەشێتەوەو كەس كاری پێ‌ نامێنێ‌. ئەمە ئەوە دەگەیەنێ‌ كە فراكسیۆنە گەورەكە بەرەیەكی سیاسی نیە، هەروەك هاوپەیمانییەكی درێژخایەنیش نیە.
بە شێوەیەكی كردەیی، پاش ئەوەی كاندیدی فراكسیۆنە گەورەكە دەست بە جموجوڵێكی چڕ بۆ پێكهێنانی كابینەكەی دەكا، دانوستانی پێكهێنانی كابینەكە لە فراكسیۆنەكەوە بۆ كاندیدەكە دەگوێزرێتەوە و ئەو كاندیدە سەرقاڵی دانانی بەرنامەی كابینەكەی دەبێ‌ كە پێویستە ئەو بابەتانە لە خۆ بگرێ‌ كە پێشتر لایەنە سیاسییەكان لە دانوستانەكانیاندا لەسەری رێك كەوتون. بەڵام هەر لەو قۆناغەدا دەشێ‌ یاری بە رێككەوتنەكانی پێشوو بكرێ‌، بەتایبەتی كە پێكهاتە سەرەكییەكانی فراكسیۆنە گەورەكە دەستكراوەترو لە پێگەیەكی بەهێزتردا دەبن.
هەرچەند ماددەی 76 ئەوەی سەپاندووە كە دەبێ‌ زۆرینەی پەرلەمانتاران متمانە بە بەرنامەی حكومەت ببەخشن، بەڵام ماددەكە بەرامبەر بە جێبەجێ‌ نەكردنی بەرنامەكە یان پەشیمانبونەوەی حكومەت لێی، قڕو قپی لێ‌ كردووە. ئەمەش دۆخێكی وا دەخولقێنێ‌ كە هیچ گەرەنتییەك بۆ جێبەجێ‌ كردنی ئەوەی كە لایەنە سیاسییەكان پێشتر لەسەر رێك كەوتبون، لە ئارادا نەبێ‌.
كورد ئەگەر لە دەرەوەی فراكسیۆنە گەورەكەش بێ‌، هەر دەبێ‌ وتووێژ لەگەڵ كاندیدی فراكسیۆنە گەورەكە بكا، هەم بۆ دیاری كردنی ئەو پۆستانەی كە بەر كورد دەكەون هەم بۆ بردنی هەندێ‌ لە داواكانی كورد بۆ ناو بەرنامەی حكومەت. كاندیدەكە دەسەڵاتی ئەوەی هەیە هەندێ‌ لە داواكان رەت بكاتەوە، هەروەها دەشێ‌ ئەنجومەنی نوێنەران متمانە بە هەندێ‌ لەو داوایانە نەبەخشێ‌. لە كۆتاییشدا هەر چی كورد لەگەڵ لایەنە پێكهێنەرەكانی فراكسیۆنە گەورەكە لەسەری رێك كەوتووە، دەچێتە بەردەم سەرۆكی حكومەت كە بەپێی ماددەی 78 بەرپرسە لە جێبەجێ‌ كردنی سیاسەتی گشتیی دەوڵەت، ئەویش لە چوارچێوەی یاساكانداو بەو چەشنەی كە بەگونجاوی دەزانێت، مامەڵە لەگەڵ داواكان دەكات.
كورد لەو پاكیجەی كە پێشكەش بە لایەنە سیاسییەكانی كردووە، دەوروبەری 25 مەرجی بۆ بەشداری كردن لە فراكسیۆنە گەورەكەدا داناوە. ئەم ژمارە زۆری مەرجەكان، دەشێ‌ ببێ‌ بە مایەی دروست كردنی بەربەست لەبەردەم بەشداریی كورد لە پێكهێنانی فراكسیۆنە گەورەكەدا، جگە لەوەی كە دەشێ‌ وێنەیەكی وا بۆ كورد بكێشێ‌ كە لە هەوڵی قۆستنەوەی هەلی لێكترازانی ماڵی شیعەیەو خوازیارە زۆرترین دەستكەوت بۆ خۆی دابین بكات.
ئەم وێنەیە رەنگە دواتر، پاش پێكهێنانی كابینەی تازە، كاردانەوەی خراپی لێ‌ بكەوێتەوەو بگاتە رادەی خۆ راپسكاندن لەو مەرجانەی كە شیعەكان بەنابەدڵی پەسندیان كردووە. دەشێ‌ ئەم شێوازی مامەڵەیە بگاتە رادەی كاركردنە سەر پرۆسەی دروستكردنەوەی متمانە لە نێوان هەردوو لادا. لە دۆخێكی تایبەتدا، رەنگە زۆریی مەرجەكان وا لە شیعەكان بكا كارتی كورد بە كارتی سازانی ناوخۆیی بگۆڕنەوەو وایان لێ‌ بكا سەودا لەگەڵ یەكتریدا بكەن نەك لەگەڵ كورددا.  لە دۆخێكی وادا فراكسیۆنە گەورەكە بە بێ‌ كورد پێك دەهێنرێ‌، بەڵام كابینەی تازە بە بێ‌ كورد پێك ناهێنرێ‌. ئەمەش نیشانی دەدا كە رەوتی پرۆسەی سیاسی هەر لە دەستپێكەوە بە ئاڵۆزی دەمێنێتەوە.
Print